چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

10 ملیۆن دۆلار دەدرێت بەو کەسەی ئەم زانیارییانە بداتە ئەمەریکا  

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەوەی ئاشکرا کرد، بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەک خەڵات دەبەخشنە ئەو کەسەی لە بارەی هاککەر، ئێڤجێنی ڤیکتۆرۆڤیچ گلادکیخ، کە هاککەرێکی رووسیاییە، زانیاری بدات.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكادا هاتووە “لە چوارچێوەی پڕۆگرامی خەڵات لە پێناوی دادپەروەری (RFJ)دا، خەڵاتی ئەو کەسانە دەکات کە لە بارەی هاککەر، ئێڤجێنی ڤیکتۆرۆڤیچ گلادکیخ، زانیاریی ئاشکرا بکەن”.

ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەو هاککەرە بە فەرمانی حکوومەتێکی بیانی کار دەکات و هاتووە “10 ملیۆن دۆلار، خەڵاتی ئەو کەسە دەکەین کە ناسنامە یاخود شوێنی گلادکیخ ئاشکرا بکات.

ئەو هاککەرە، کار بۆ پێشێلکردنی یاساکانی تایبەت بە خراپ بەکارهێنان و ساختەکاریی ئەلیکترۆنی، دەکات کە ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر ژێرخانی ئەمه‌ریکاش لەخۆ دەگرێت”.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو هاککەرە لە ئایار تا تەمووزی 2017، کاری پڕۆگرامسازی بۆ ئەنستیوتی لێکۆڵینەوەی زانستی میکانیک و کیمیایی سەربە وەزارەتی بەرگریی رووسیا کردووە.

لە ساڵی 2018ـشدا هەوڵی داوە سیستمی کارکردنی دوو پاڵاوگەی ئەمەریکا هاک بکات، بەڵام هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوون.