مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا پێگەیشت 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئاداری 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەماندا میلینگ وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، هێرشی مووشەکی ناڕەوا بۆ سەر هاووڵاتییانی هەولێر تاوتوێ کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هێرشەکە پێشیلکارییەکی گەورە و ئاشکرای سەروەری عێراقە.

سەرۆکی حکوومەت هەوڵ و هەماهەنگیی بەردەوام و هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی ڕوون کردەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڵمەتی چەواشەکارانە لە دژی هەرێمی کوردستان و دەرخستنی ڕاستییەکان و رەتکردنەوەی تۆمەتەکان، داواشی لە شانشینی یەکگرتوو کرد کە لەم ڕووەوە پشتیوانی هەولێر و بەغدا بکات.

وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دووپاتی کردەوە کە شانشینی یەکگرتوو، پشتگیریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتیوانێکی بەهێزی، ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراقە.

هەردوولا هاوڕابوون کە لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن.