شاخەوان عەبدوڵا: پێویستە حكوومەتی عێراق ئەركی خۆی لە قەرەبووكردنەوەی قوربانییانی هەڵەبجە جێبەجێ بكات 

ئەمڕۆ چوارشەممە د.شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند پێویستە حكوومەتی فیدراڵی ئەركی ئەخلاقی و یاسایی خۆی لە قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی هەڵەبجە جێبەجێ بكات.

د.شاخەوان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە ئەمڕۆ لە بەغدا یادی 34 ساڵەی تاوانی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە دژی گەلی كوردستات لە شاری هەڵەبجە بەرز ڕاگیرا.

هەروەها نووسیویەتی “وێرای وەستانی ساتێک بێدەنگی، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ قوربانیانی ئەو تاوانە کرایەوە لە هۆڵی پەرلەمان، بەمەبەستی ئاشناکردنی پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی ناو پەرلەمان لە سەرجەم پارێزگاکان بەگەورەیی ئەو تاوانە و قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە”.

گوتیشی لە رێورەسمەکە ئاماژەیان بەوە داوە کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵی بەئەرکی ئەخلاقی و یاسایی خۆی هەڵبستێت لە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی ئەو شارە و تاوانەکانی تری رژێمی لەناوچوو، هەروەها داوای کرد رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی شارەکە لەلایەن حکوومەتەوە خێرا بکرێت.

هەر ئەمرۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشوازی لە بەشێک لە کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە كرد و ئامادەیی هەموو هاوکارییەکی بۆ دەربڕین.

ھەواڵی زیاتر