کۆنسولی گشتیی ئەمریکا: هەرگیز رێگەنادەین کارەساتی هەڵەبجە دووبارە بێتەوە

لە شاری هەڵەبجە بە بەشداری دەیان میوانی ناوخۆیی و بیانی، بەرپرسانی حکوومی و حزبی و کۆنسول و نوێنەری وڵاتان یادی 34 ساڵەی کیمیابارانکردنی شارەکە کرایەوە.

لە مەراسیمەکەدا کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بەشداربوو و لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، ئەمریکا هەرگیز رێگە نادات کارەساتی هەڵەبجە دووبارە بێتەوە.

کۆنسولی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆبەرت پاڵەدینۆ رایگەیاند بۆ بیرهينانەوەی قوربانییانی رژێمی سەدام حوسێن لێرەین، قوربانییانی هێرشێکی کیمیایی ترسناک لە ئازاری 1988 کە پێنج هەزار پیاو و ژن و منداڵی بێتاوان کوژران و هەزاران برینداربوون، ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ رێزلێنان لەو کەسانەی بوونە قوربانی، بۆئەوەی سەرەخۆشی لە هەموو ئەو خێزانانە بکەین کە خۆشەویتانیان لەدەستداوە، بۆ دووبارە پەیوەندیکردن پێیناوە و بیرهێنانەوەی ئەو تراژیدیایەی 34 ساڵ پێش ئێستا روویدا، ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی بڵێین هەرگیز رێگە نادەین کارەساتی ئاوا دووبارە بێتەوە.

رۆبەرت پاڵەدینۆ راشیگەیاند، زۆر گرنگە لەبیرمان بێت لە رابردوو چی روویداوە بۆئەوەی بەردەوام بین، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ یارمەتیدانیان لە دروستکردنی هەرێمێکی کوردستانیی بەهێز، سەقامگیر و دیموکرات، هەروەها عێراقێک کە رێز و شکۆی هەموو کەسێک بپارێزێت.

کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆبەرت پاڵەدینۆ گوتیشی: شانازییە کە ئەمڕۆ لێرەبیت و لە نزیکەوە بەشداربیت لە هەڵگرتنی بەشێک لە خەمەکانی خەڵکی ئەم شارە.

34 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی 16ی ئاداری 1988، شاری هەڵەبجە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی ئەوکاتەی عێراق کیمیاباران کرا و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی مەدەنیی شارەکە شەهیدبوون و هەزارانی دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان تاوەکو ئێستاش بەدەست برینەکانیانەوە دەناڵێنن.

ھەواڵی زیاتر