لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شایستە داراییەکانی دواکەوتووی وانەبێژانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ خەرج دەکرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـی ئاداری 2022، لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان شایستە داراییەکانی دواکەوتووی وانەبێژانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ خەرج دەکرێت. 

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای سەردانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای دهۆک لە ڕۆژانی ڕابردوودا، یەکێک لە داواکارییەکانی هاووڵاتییان کە ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرا، بابەتی دواکەوتنی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوو، لە کاتێکدا کە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان، ئەو شایستە داراییانە خەرج کراون، بەڵام لە دهۆک و زاخۆ مانگەکانی چوار و پێنج و شەشی ساڵی ڕابردوو و مانگی یەکی ئەمساڵ خەرج نەکراون.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت، ئەم شایستە داراییانە بە دوو جار خەرج دەکرێت، بەشێکی پێش نەورۆز خەرج دەکرێت و بەشەکەی تر لە سەرەتای مانگی نیسان و بەو شێوەیەش کۆی شایستە داراییەکان خەرج دەکرێت و ڕێکاری پێویستیش گیراوەتەبەر کە شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ مانگانە خەرج بکرێت و دوانەکەوێت.

ھەواڵی زیاتر