دهقی پهیامی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان:
لە سی و چوارەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە لایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دادەنەوێنین و بەوپەڕی رێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە.
هەڵەبجە مەڵبەندێکی گرنگی رووناکبیری و زێدی چەندین شاعیر و نووسەر و زانا و دانا و عارفی ناودار و بەناوبانگی کوردستانە، پێگەیەکی گرنگی لە دڵ و دەروونی کوردستانیاندا هەیە و بووەتە یەکێک لە سیمبۆلە هەرە دیارەکانی قوربانیدانی گەلی کوردستان لەپێناو گەیشتن بە مافە رەواکانی، بۆیە لەم یادە خەمناکەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران و زیانلێکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە و گشت قوربانیانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی کوردستان بگرێتە ئەستۆ و بەپێی ماددەی 132ی دەستوور قەرەبوویان بکاتەوە و رێز لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خەڵکی هەڵەبجە بگرێت، بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستە پێشکەشی هاووڵاتییانی بەشمەینەتی ئەم شارە ئازیزەمان بکرێت.
ئەگەرچی چەند ساڵێکە هەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە پارێزگا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش، حکوومەتی فیدراڵی لە ئاستی پێویستدا وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا ناکات و رێکارەکانی بەپارێزگابوونی، کێشە و ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت.
بۆیە داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی دەکەین لە زووترین کاتدا ئەو رێکارانە تەواو بکەن و چیتر ئەم بابەتە پشتگوێ نەخرێت. لە هەمانکاتدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە تەواوکردنی پێکهاتەی ئیداریی پارێزگای هەڵەبجە بە هێنانەکایەی ئەو دامەزراوانەی دیکەی پارێزگا کە ماون.
حکوومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەزانێت و ئەرکی لەپێشینەی حکوومەتە کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجە و دانیشتووانە خۆشەویستەکەی بکات.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان