ئەمڕۆ 34مین ساڵیادی قوربانیانی کیمابارانی شاری هەڵەبجەیە

ئه‌مڕۆ چوارشەممە، 16 ى 3 ى 2022 یادی له‌ یادی 34 ساڵه‌ی كیمیاباران كردنی هه‌ڵه‌بجه‌ كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆر له‌ پارێزگاكه‌  به‌ڕێوه‌ده‌چێت: به‌م شێوه‌یه‌

لە کۆتاییەکانی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران (1980-1988) و 34 ساڵ بەرلەئێستا، رژێمی بەعس لە عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشیکردە سەر شاری هەڵەبجە .

بۆردومانکردنی هەڵەبجە لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا بوو کە رژێمی بەعس لە عێراق لەسەر ناوچە کوردستانییه‌كان دەستی پێکردبوو لە چوارچێوەی شاڵاوەکانی ئەنفال و راگواستنی خەڵکی گوندەکانی کوردستان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان کە حکوومەت لە نزیک شارەکان دروستی کردبوو.

کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 16ی ئاداری1988 تا بەرەبەیانی رۆژی دواتر، هێزە ئاسمانییەکانی عێراق 15 جار شاری هەڵەبجەیان بۆردومان کرد، لەهەر جارێکدا نزیکی 10 فرۆکە بەشدارییان لە بۆردومانکردنەکەدا کرد.

لە دوانیوەڕۆی هەمان رۆژدا کاریگەرییەکانی ئەو گازانەی لە بۆردومانەکەدا بەکارهاتن، دەرکەوتن و هەزاران کەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش برینداربوون.

ئەو گازانەی لە بۆردومانەکەدا بەکارهاتن، بۆنی سێو و میوەیان لە شارەکەدا بڵاوکردەوە، ئەمە بۆ دانیشتوانی هەڵەبجە شتێکی نامۆ بوو بۆیە بەشێکی زۆریان لە ژێرزەمینی ماڵەکانیاندا خۆیان حەشاردا و بەشێکیشیان لە دوانیوەڕۆوە هەوڵی هەڵاتن و رزگاربوونیاندا لەژێر بۆردومانی فرۆکەکانی بەعس، بەڵام دواتر ئەو بۆنی سێوەی شارەکەی گرتەوە کارەساتێکی گەورەیی مرۆیی دروستکرد کە تا ئێستا یەکێکە لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکان کە جیهاندا ئەنجامدراوە.

هەڵەبجە بە فڕۆکەکانی (سیخۆ و میراج) بۆردومانکرا لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ بۆردومانەکە دەستی پێکرد و تا بەرەبەیانی 17ی ئادار بەردەوام بوو، شارەکە 15 جار هێرشی کرایە سەر و زیاتر لە 200 بۆمبی 500 کیلۆگرامی بەسەردا خرایە خوارەوە کە گازەکانی (خەردەل، سیانید، فۆسفۆر و دەمارەکان) لە بۆردومانەکەدا بەکارهات کە هەموو شتێکی زیندوویان لە شارەکەدا بە مرۆڤ، باڵندە، ئاژەڵ و دار و درەختەوە خنکاند.

تا ئێستا ئامارێکی دروست و وردی ژمارەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەبەردەستدا نییە و سەرژمێرییەکی ورد نەکراوە، بەڵام قوربانییەکان بە زیاتر لە پێنج هەزار شەهید و 10 هەزار بریندار مەزەندە دەکرێت.

بەپێی سەرژمێری و ئامارێکی نافەرمی رێکخراوەکانی هەڵەبجە، پێنج هەزار و 460 قوربانی تۆمارکراوە، ئاماری بریندارەکانیش کە لە14 کەمپی چارەسەرییەکان وەرگیراوە12 هەزار و 800 کەس دوای کارەساتەکە لە ئێران چارەسەرکراون کە بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە .

عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیایی، بە تاوانباری سەرەکی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دادەنرێت و ئەوەی روویدا لەژێر بڕیار و فەرمانی ئەودا جێبەجێکرا.

عەلی حەسەن مەجید ئامۆزای سەدام حسین سەرکۆماری عێراق بوو بە دەستە راستیشی دادەنرا، لەدوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە خەڵکی کوردستان ناسناوی (عەلی کیمیاویی)یان پێدا.

کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە مێژووی ناوچەکەدا، هێشتا کاریگەرییەکەی لەسەر خەڵکی شارەکە و زەوییەکەشی ماوە، تا ئێستاش ژمارەیەک لە بەرکەوتەی ئەو گازە خنکێنەرە بە ئازاری جەستە و دەرونیانەوە دەناڵێنن.

لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە نۆی تشرینی یەکەمی2005ئەنجوومەنی حوکم لە عێراق بە یاسای ژمارە 10 دادگای باڵای تاوانەکانی لە عێراق پێکهێنا بۆ دادگایکردنی سەرانی رژێمی بەعس، دادگاکە 55 کەسی وەک داواکراوی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی لە عێرقدا دەستنیشانکرد و تۆمەتبارانی کیمیابارانی هەڵەبجەش لەنێویاندابوون.

یەکێک لەو کەیسانەی سەرانی رژێمی بەعسی لەو دادگایە لەسەر دادگاییکرا، تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بوو.

یەکەم دانیشتنی دادگاش لەسەر کەیسی ھەڵەبجە لە 21ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2008 ئەنجامدرا و لە 17ی کانوونی دووەمی 2010 دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژبە مرۆڤایەتی ناساند و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عەلی حەسەن مەجید دەرکرد.

لە رۆژی 25ی کانوونی دووەمی 2010 دوای هەشت رۆژ لە بڕیارەکەی دادگا، سزاکەی سەر عەلی کیمیایی جێبەجێکرا و لە سێدارەدرا، دواتریش لە ساڵی 2012 ئەو پەتەی عەلی حەسەن مەجیدی پێ لەسێدارەدرا هێنرایەوە بۆ هەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە دانرا.

بڕیارەکەی دادگای باڵای تاوانەکان بۆ ناساندنی کەیسەکە وەک تاوانی دژبە مرۆڤایەتی بەدڵی ئەو کەسانە نەبوو کە سەرپەرشتی دۆسیەکەیان دەکرد بۆیە بڕیاری تێهەڵچوونەوە دراو و دواتر و پاش تێهەڵچوونەوەی بڕیارەکە لە رۆژی 28ی شوباتی 2010 لەدوای 34 دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسەکە، دادگا بڕیاریدا لەبری تاوانی دژبە مرۆڤایەتی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت، هەریەک لە (سوڵتان ھاشم، فەرحان موتڵەگ و سابر عەبدولعەزیز)یش بە15 ساڵ زیندانیکردن سزادران.

دواتریش پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 17ی ئاداری 2011 لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بە بڕیاری ژمارە 12 کەیسی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، بەڵام تا ئێستا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دانیشتووان و قوربانییانی هەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە نەکراوەتەوە کە ئەرکێکی یاسایی حکوومەتە و دەبوو بیکات.

ھەواڵی زیاتر