نرخی هەموو شتێك بەرز بووەتەوە و مووچەش وەكو خۆیەتی

بە هۆی ئەوەی ئەڵمانیا، یەكێكە لەو وڵاتانەی سزای ئابووری بەسەر رووسیادا سەپاندووە و بڕیاریداوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ رووسیادا سنووردار بكات؛ بە تایبەت لە بواری وزەدا، بۆیە نرخی هەموو شتێك لە ئەڵمانیا بەرز بووەتەوە.

كوردێكی دانیشتووی ئەو وڵاتەش دەڵێت، بژێوی ژیان لە ئەڵمانیا تا دێت قورس دەبێت.
ئەڵمانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی، بۆ گازی سروشتی و نەوت، پشت بە رووسیا دەبەستێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی رووسیا ئۆپەراسیۆنی دژی ئۆكراینا دەست پێكردووە، بۆیە ئەڵمانیا بڕیاری دا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ رووسیادا سنوودار بكات و بیریش لەوە دەكاتەوە، لەمساڵدا هیچ گرێبەستێكی كڕینی گازی
سروشتی و نەوت لەگەڵ رووسیا مۆر نەكات.
ئەم هەنگاوەی ئەڵمانیا وای كردووە، نرخی كارەبا و گازی سروشتی و خۆراك بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە.
دارا زێدان، خەڵكی هەولێرە و دانیشتووی شاری بەرلینی ئەڵمانیایە، ئەو تایبەت بۆ هەولێر قسەی كرد و گوتی: نرخی خۆراك و كارەبا و گازی سروشتی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی تەواوی لەسەر ژیانی خەڵك كردووە.
بەگوێرەی گوتەی زێدان، لەگەڵ ئەوەی نرخی هەموو شتێك لەو وڵاتە بەرز بووەتەوە، بەڵام حكوومەت بە هیچ شێوەیەك یەك دیناری مووچەی هاووڵاتیانی زیاد نەكردووە و وەكوو خۆیەتی، بۆیە ئەمەش وای كردووە، هاووڵاتی بە زۆر داهاتی مانگانەكەی بەشی بكات.
گوتیشی: ئەڵمانیا دەیەوێت وەكو بەدیلی رووسیا، وزەگە ناوەکیەکان بۆ گازی سروشتی بەكار بهێنێت، بەڵام ئەم بڕیار و بەدیلانە بەهای نییە و كاتییە، دەبێت بیر لە بەدیلێكی درێژخایەن بكەنەوە، نەك هەموو شتێك لەسەر خەڵك زیاد بكەن و بەدیلێكیش لە بری گازی سروشتی رووسیا نەدۆزنەوە.
باسی لەوەش كرد، ترسێك لای هاووڵاتیانی ئەڵمانی دروست بووە، ئەویش كەمبوونەوەی كارەبایە، چونكە ئەڵمانیا بۆ دابینكردنی كارەبا، پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت، ئەگەر رووسیاش ئەو گازە سروشتییە لە ئەڵمانیا ببڕێت بە هۆی پشتگیریكردنی لە ئۆكراینا، كارەبای ئەڵمانیا كێشەی تێدەكەوێت و تەنانەت.كارگەكانیشی لەكار دەكەون.
ئەحمەد تەحسین، لە شاری كاسڵی ئەڵمانیا قوتابییە، دەڵێت گرانبوونی نرخ كاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر ژیانیان دروست كردووە و ناچارن دەست بە پارەوە بگرن.
ئەو دەڵێت: پێشتر ٧٠٠ یۆرۆ بەشی ژیانمی دەكرد، كە نیوەیم دەدایە كرێی خانوو و ئەوی تریش مانگانە بەشی دەكردم، بەڵام دوای گرانبوونی نرخی خۆراك و كارەبا و گازی سروشتی، پەیوەندیم بە ماڵەوە كردووە، كە داهاتی مانگانەم زیاد بكەم، چونكە ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا بێت، بەهیچ شێوەیەك ناتوانم بژیم و خوێندن تەواو بكەم.

ھەواڵی زیاتر