هەرێمی كوردستان کۆگاکانی پڕە لە خۆراک

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاووڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە، كە هیچ پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات، چونكە خۆراكی پێویست لە كۆگاكاندا هەیە و بەشی یەک ساڵ دەكات.

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وتارێكدا دڵنیاییی دایە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، كە حكوومەت خۆراكی بۆ ماوەی شەش مانگ تا ساڵێك دابین كردووە. ئەم گوتەیە، هۆكارێكی سەرەكی بوو، تا هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، ئیدی نەڕژێنە ناو ماركێتەكان و قەیران نەنێنەوە.
سەعادەت رەشۆ، ئافرەتێكی تەمەن ٦٥ ساڵانە، سوپاسی سەرۆكی حكوومەت و هەموو ئەو بەرپرسانە دەكات، كە خەڵکیان دڵنیا كردەوە، بە قەد پێویست خۆراک هەیە و پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات. ئەو ئافرەتە نایشارێتەوە، لە ترسی نەمانی خۆراك، بایی ٥٠٠هەزار خۆراكی كڕیوە، بەڵام دوای ئەوەی زانیویەتی قەیران نییە، پەشیمان بووەتەوە لەو هەموو خۆراكەی كڕیویەتی و دەڵێت هەست بە زەمب دەكەم.
نەوزاد شێخ كامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، دەڵێت لیژنەكان زیاد دەكەین و بە وردی چاودێریی نرخ دەكەین و لیژنەكانی قایمقامیەت زیاتر لە جاران بە بازاڕدا دەگەڕێن و نرخ كۆنتڕۆڵ دەکەن. شێخ كامل، دڵنیایی دەدات كە بەهیچ شێوەیەك لە هەرێمی كوردستان قەیرانی خۆراكی نییە و كۆگاكان بەشی پێویست خۆراكی تێدایە. حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رێكارەكانی هێنانی مۆڵەتی بازرگانیی ئاسان كردووە، تا بە ئاسانی خۆراک بگاتە هەرێم و هەروەها بازگەكانیش توند كراون، تا خۆراك لە هەرێمەوە بۆ شوێنی تر نەچێت.
هاووڵاتیان ئێستا وەكو حەفتەی رابردوو هوروژم نابەنە ماركێتەكان بۆ كڕینی خۆراك، ئەمەش بە گوێرەی گوتەی خاوەن ماركێتێك لە هەولێر؛ ئالان رەشید، خاوەنی یەكێك لە ماركێتەكانی هەولێر، باس لەوە دەكات، هەفتەی. رابردوو بە سەدان هاووڵاتی رووی لە ماركێتەكەیان كردووە، تا خۆراك بكڕن، بەڵام دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دا كە خۆراك بەردەستە و پێویست بە كڕینی پێشوەختەی لەڕادەبەدەر ناكات، بۆیە هاووڵاتیان وەكو جاران نایەن و دۆخەكە تا ئاستێك ئاسایی بووەتەوە. سەلمان ساڵح، قوتابی زانكۆ، پێشنیار دەكات بۆ حكوومەت، كە داوا لە ماركێتەكان بكات، بە هیچ شێوەیەك رێگە نەدەن، كڕیار بە شێوەیەكی نائاسایی خۆراك بكڕێت و دەبێت بۆیان سنووردار بكرێت. ئەو پێی وایە، ناكرێت رێگە بدرێت هاووڵاتییەك، بایی ٣٠٠هەزار دینار تەنیا رۆنی زەیت بكڕێت، ئەمە كاری ماركێتە و چاودێری حكوومەت، كە رێگە لەو دیاردە ناشرینە بگرن. ئەگەر هاووڵاتیان بە قەد پێداویستیی ماڵەوەیان خۆراك بكڕن، بە هیچ شێوەیەك قەیرانی خۆراك روو نادات، تەنانەت ئەگەر لە كۆگاكانیشدا خۆراك كەم بێت.