هەولێر داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بە ئامادەبوونی ئێران دەکات

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە داوایان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە لیژنەیەک بۆ سەلماندنی راستییەکان پێک بێنن و داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کرد نوێنەری لەو لیژنەیەدا هەبێ.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخو ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی ئادار لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسی هاوبەشی لەگەڵ شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دووپاتی کردەوە کە “دەرەنجامەکان روونن، ماڵی هاووڵاتیەکی ناسراو بۆتە ئامانجی هێرشی موشەکی. ئەو ماڵە هیچ شوێنی سەربازی یان هاووڵاتی بیانی لێ نییە، تەنانەت ئەو کاتەی بۆردوومان کراوە، هەر خێزانەکە خۆشیان لە ماڵ نەبوونە”.

وەزیری ناوخۆ بە رۆژنامەنووسانی گوت: ئێمە زانیاری پێویست بە شاندی پەرلەمانی عێراق دەدەین. بە شێوەیەکی رەسمیش داوامان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە لیژنە بۆ دەرخستنی راستییەکان پێکبێنن، ئەوان ئازادن کە کێ دەکەنە ئەندامی لیژنەکە و داوا لە برایانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەکەین ببنە ئەندامی لیژنەکە.

کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی رۆژی ١٢ ئادار، سوپای پاسدارانی ئێران بە دوازدە موشەکی جۆری بالستیک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و وەک باز بەرزنجی بە شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، نۆ لەو مووشەکانە بەر ماڵەکەی ئەو کەوتوون.

سوپای پاسداران بە بیانووی “بوونی لایەنی ئیسرائیلی” هێرشی کردووە، ئەو بیانوویە بە تەواوی لەلایەن بەرپرسیانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەت کراوەتەوە.

ئەو دەسترێژییە روونەی سوپای پاسدارانی ئێران کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمەریکا هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد و داوایان لە دەستەڵاتدارانی تاران کرد کۆتایی بە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر سەروەری عێراق بێنن.

لە ئاستی ناوخۆی عێراق، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران سەردانی شوێنە زیانپێکەوتووەکانی هەولێری کرد و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دڵنیا کردەوە کە رێوشوێنی پێویست دەگرنە بەر.

هاوکاتی شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەن، سەرانی هەولێریان کرد.

حاکم زاملی لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسی هاوبەش لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دووپاتی لە “هەڵوێستی روونی” خۆیان کردەوە و رایگەیاند کە “گوشار دەخەینە سەر حکوومەت بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر”.

زاملی ئاشکراشی کرد کە داوای کە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردووە ئامادەی دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێ و ئەویش قبووڵی کردووە.

ھەواڵی زیاتر