نیگەرانی و ناڕەزایی ھەرێمی کوردستان بە کونسوڵی ئێران دەگەیەندرێت 

به‌ مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی مووشه‌كی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر‌ شاری هه‌ولێر، فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بانگی سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌ هه‌ولێر، “نه‌سروڵڵا رەشنوودی” كرد.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یادداشتنامه‌ی  نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی دایه‌ سه‌ر كونسووڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ شاری هه‌ولێر.

بانگكردنی سه‌ركونسووڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ هه‌ولێر، دوای ئه‌وه‌ دێت، كاتژمێر (01:03:43) شه‌وی (12-13ی ئادار/ مارسی 2022)، ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان كرایه‌ ئامانجی 12 مووشه‌كی بالیستی و سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رپرسیارێتی په‌لاماره‌كه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ. ئه‌و په‌لاماره‌ مووشه‌كییه‌ زیانی زۆری به‌ر ماڵ و موڵكی هاووڵاتیان و دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 گه‌یاند.

پێشتریش وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری عێراقی ئیتیحادی، “ئیره‌ج مه‌سجدی”، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ شاری به‌غدا بانگ كرد بۆ ئه‌وه‌ی یادداشتی ناڕه‌زایه‌تی عێراق له‌ باره‌ی په‌لاماره‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر ئامانجه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی شاری هه‌ولێری پێ بدات.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیشدا، رایگه‌یاند، “وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ مووشه‌كبارانه‌كه‌ی سه‌ر ناوچه‌ی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتییان له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق ئیدانه‌ ده‌كات و به‌ پێشێلكارییه‌كی زه‌ق بۆ سه‌روه‌ری عێراق و تۆقاندنی خه‌ڵكی ده‌زانێت، ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ به‌ئامانجكردنی ئاسایشی عێراق و سه‌قامگیری گه‌له‌كه‌یه‌تی و پێویست به‌ هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌كرێت”.