مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئاداری 2022 لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ مستەفا کازمی و شاندی یاوەری کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هێرشی تیرۆریستی سەر شاری ھەولێر کرا و هەردوولا ھاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە ئەمە ھێرش و دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەروەری عێراق.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری پەیوەندییەکی دۆستانە بووە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە سەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش، هێرش و پەلاماردانی هەولێریش دەستدرێژییە بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق.
سەرۆک وەزیرانی فيدراڵ ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم هێرشە قبوڵ کراو نییە و نامانەوێت خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و ناکۆکی وڵاتان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە کەرتی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان كرا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کرایەوە.