ھەولێر.. مستەفا کازمی بە یاوەری مەسرور بارزانی سەردانی شوێنی کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکانی کرد

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ھەولێر بە یاوەری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەردانی شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکانی کرد.

مستەفا کازمی لە نزیکەوە زیانە ماددییەکانی ئەو ھێرشە مووشەکییانەی بینی کە دوێنێ یەکشەممە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرایە سەر شاری ھەولێر.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەرلەوەی سەردانی شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان بکات، لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەیاوەری شاندێکی باڵای سەربازیی و ئەمنی گەیشتە ھەولێر و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لێکرا.

چاوەڕوان دەکرێت مستەفا کازمی ھەر لە سەردانەکەی بۆ ھەولێر، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدات.

ھەریەک لە وەزیری بەرگریی، جومعە عناد و وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی و لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری باڵای دیکەی سەربازیی و ئەمنی یاوەری مستەفا کازمی دەکەن لەسەردانەکەی بۆ ھەولێر.

ــ ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر

بەپێی راگەیاندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو 12 مووشەکی بالیستیکی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاراستەی شاری ھەولێر کران کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر ئاژانسە ھەواڵنێرییەکانی سەر بە وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێری لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند کە بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.

لەمبارەیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی 13ی ئاداری 2022ی سەر ھەولێر، کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بو شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەوەنەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە.

ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو کە، بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانە، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە و ھاتووە: داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئێران دەکەین، بە پەلە لێکوڵینەوە لەم ھێڕش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستییەکان بۆ رای گشتیی جیھان ئاشکرا بکەن و ھەڵوێستی توند بەرامبەر بەم ھێرشانە بگرنەبەر.

ھێرشەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی ئیدانە کرا.

ھەواڵی زیاتر