سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق دەکات  

رۆژی دووشەممە ١٤ـی٣ـی ٢٠٢٢ لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ڤیلی ڤارجولا باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا پێزانینی بۆ ڕۆلی جەنابی بارزانی نەمر لە خەباتی گەلی کوردستان ھەبوو، وێڕای جەخت کردنەوە لە دۆستایەتی نێوان گەلی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا، نیگەرانی قووڵی خۆی بەرانبەر پەلاماری مووشەکی سەر شاری ھەولێر نیشانداو ئەوەشی دووپاتکردەوە کە سەقامگیری پێگەی ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ یەکێتی ئەوروپا جێگەی بایەخێکی زۆرە.

ھەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و ھەنگاوە دەستورییەکانی پێکھێنانی حکومەتی تازەی عێراق تاوتوێ کران و بیروڕا لەبارەی ھۆکارو دەرھاوێشتەکانی پەلاماری مووشەکی سەر ھەولێر و ھەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری ئاڵوگۆرکران.
لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی لە وەڵامی پرسیاری باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە ئەنجامدەرانی پەلامارە مووشەکیەکەی سەر هەولێر، ڕایگەیاند ئەوانەی بەرپرسیارێتی خۆیان لەو پەلامارە راگەیاندووە لە ڕاستیدا ناتوانن بە هیچ شێوەیەک وەڵامی خەڵکی تر لە شوێنی پێویست بدەنەوە و، بۆ کڕینەوەی ئابڕووی خۆیان و شاردنەوەی بێ توانایی خۆیان بیانووی بێ بنەما دەهێننەوە و پەلاماری خەڵکی بێ تاوانی هەولێر دەدەن.

ھەرەشەی تیرۆر و چارەسەرکردنی ھۆکارەکانی کۆچ تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.