مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و شوێنانه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه، كه به هۆی په‌لاماره تیرۆریستییه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو زیانیان به‌ركه‌وتبوو.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (13ی ئادار/ مارسی 2022)، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی دامه‌زراوه‌ی کوردستان24 كرد، كه له ئاكامی په‌لاماره‌كه زیانی به‌ركه‌وتبوو.
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له وتەیەکدا سوپاسی کارمەندانی کەناڵەکەی کرد و گوتی “ده‌ستخۆشیتان لێدەکەم، دوێنێ خۆم سه‌یرم ده‌كرد، كه بینیم به‌رنامه‌كان نه‌وه‌ستان و هه‌مووتان گه‌ڕانه‌وه سه‌ر ئیشوكار، ئه‌وه جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه و گرنگ ئه‌وه‌یه سه‌رتان سه‌لامه‌ت بێت و ئێوه سه‌لامه‌ت بن”.
گوتیشی “شانازیتان پێوه‌ده‌كه‌م، به‌وه‌ی كۆڵتان نه‌دا و به‌رده‌وامبوون له په‌خشی به‌رنامه‌كانتان، ده‌ستتان خۆش بێت”.
هه‌روه‌ها له به‌شێكی دیكه‌ی به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە شاری ھەولێر، شوێنه مه‌ده‌نی و ناوچەکانی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتیانی به‌سه‌ركرده‌وه، كه له ئاكامی په‌لاماره تیرۆیستییهكه زیانیان به‌ركه‌وتووە.




