مەکتەبی سیاسی پارتی ئیدانەی پەلامارە دوژمنکارییەکەی سەر شاری هەولێر دەکات

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئیدانەی پەلامارە دوژمنکارییەکەی سەر شاری هەولێر كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ هەموو لایەک لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق بە جیددی کار بکەن و هەوڵ بدەن بۆ رێگەگرتن لەو دیاردە و ئەو کارە نابەجێیانەی کە ئامانج لێیان گێرەشێوێنی و ئاژاوانانەوە و شێواندنی بارودۆخی ئارام و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە.

مه‌كته‌بی سیاسی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: جاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرجەم وڵاتانی ھاوپەیمان و دۆستە کە ھەڵوێستی روون و راشکاوانەیان رابگەیەنن بەرامبەر ئەو پێشێلکارییەی دەکرێتە سەر سەروەری ھەرێمی کوردستان و عێراق.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پەلامارە دوژمنکارییەکەی سەر شاری هەولێر:-

کاتژمێر 1ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 13ـی ئاداری 2022، لە رێگەی چەند مووشەکێکەوە پەلامارێکی دوژمنکارانە و شکستخواردوو کرایە سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە. ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بە توندی ئەو پەلامارە سەرزەنشت و ریسوا دەکەین و بە پەلاماردانێکی دژ بە دانیشتوانی هەولێری نموونەی پێکەوەژیان و ئارامی بە تایبەتی و کوردستان بە گشتی دەزانین.

 لەو بارەوە داوادەکەین ئەو کارە دوژمنکارانە دووبارە نەبنەوە و هەموو لایەک لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق بە جیددی کاربکەن و هەوڵ بدەن بۆ رێگە گرتن لەو دیاردە و ئەو کارە نابەجێیانەی کە ئامانج لێیان گێرەشێوێنی و ئاژاوانانەوە و شێواندنی بارودۆخی ئارام و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە، ھاوکات جاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرجەم وڵاتانی ھاوپەیمان و دۆستە کە ھەڵوێستی روون و راشکاوانەیان رابگەیەنن بەرامبەر ئەو پێشێلکاریەی دەکرێتە سەر سەروەری ھەرێمی کوردستان و عێراق.

لە کۆتاییدا هاووڵاتیانی دڵسۆز و خۆراگری کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە شاری هەولێر هەمیشە ئارام و سەقامگیر و ئاوەدانتر دەبێت و، بە ئیڕادەی بەھێزی گەلەکەشمان وەکو ھەمیشە دوژمن و ناحەزانمان ریسوا و شەرمەزارتر دەبن.

مەکتەبی سیاسی

 پارتی دیموکراتی کوردستان

13ـی ئاداری 2022