بە ئامانجکردنی هەولێری پایتەختی ئارامی و ئاوەدانی و ڕووگەی شارستانی کوردستان هەوڵێکی دیکەی شکستخواردووی تاریکپەرستان و دوژمنانی مرۆڤایەتییە دژ بە هەولێری ڕووناکی و پێکەوەژیان، دیارە ئەوەش لە درێژەی ئەو هەوڵە دوژمنکارییانەیە کە لە فۆرمی جیاجیادا بەرامبەر هەولێر وەک ناونیشانی ئیرادە و شکۆی کوردستان دەگیرێتەبەر.
دڵنیاین کە بە خۆڕاگری جەماوەر و ئیرادەی هێزە ناوخۆییەکان و هەڵوێستی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەولێر هەر سەربەرز و لانکی پێکەوەژیان دەمێنێتەوە.
پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، باشترین وەڵامە،
هەولێر لەبەرانبەر هۆلاکۆ کۆنەکان خۆڕاگر بوو لەبەرانبەر هۆلاکۆ تازەکانیش خۆڕاگر دەبێت و ناچەمێت.
ئێمە بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە لەو چوارچێوەیەشدا بە ئامانجکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی و کەناڵی کوردستان٢٤ وەک کەناڵێکی نیشتمانی و دەربڕی ئیرادەی نەتەوەیی دەکەین، داواکارین هەموو خەڵكی كوردستان لە وەستانەوە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەری خاکی هەرێم و دامەزراوە ڕۆشنبیری و ئارامی دانیشتوانی پایتەخت یەکدەنگ بن و ئەو هێرشە دوژمنکارانە ڕیسوا و شەرمەزار کەن.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
١٣ی ئاداری ٢٠٢٢