دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

تورکیا: هێرشکردنە سەر هەولێر قبوڵ ناکرێت

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێری کرد و رایگەیاند هێرشکردنە سەر هەولێر “جێگەی قبوڵکردن نییە”. ئەمڕۆ یەکشەممە 13-03-2022، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: “سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین، کە ئەم بەیانییە 13ی ئادار بە مووشەکی بالیستی کرایە سەر شاری هەولێر. هەرگیز ئەو جۆرە کردەوانە جێگەی قبوڵکردن نین، کە مەبەست لێی تێکدانی ئاشتیی و سەقامگیریی لە عێراقدا”. هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا جەختلەوە کراوەتەوە، کە “تورکیا بەردەوام لە پاڵ عێراقدا دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا”. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەوی 12/13-03-2022 پاش کاژێر 01:00ی بەرەبەیان، 12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر کران و ناوچە سڤیلنشینەکان بەر هێرشەکە کەوتن. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “بەهۆی هێرشەکەوە دوو هاونیشتمانی برینداربوون”.