فازڵ میرانی: ئەو لایەنەی بەرپرسن لە هێرشەکە، دەزانن پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی نێوانمان چۆنە

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەم دەستدرێژیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەیەن.

فازڵ میرانی لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردوو بە کوردستان24ـی راگەیاند، راستە قوربانی نەبووە بەڵام زەرەر و زیانی ماددی زۆر بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە، حکومەتی عێراق و دەوڵەتەکانی دیکەش دەبێت هەڵوێستیان هەبێت، بە دڵنیاییەوە هەڵوێستی ئێمە و هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان روون دەبێتەوە.

گوتیشی “ئومێدەوارین دووبارە نەبێتەوە، چونکە ئەو لایەنەی بەرپرسیارە لەم کارە، دەزانن پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی نێوانمان چۆنە.”

فازڵ میرانی جەختی کردەوە لەوەی، باشترە خۆمان پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان بکەین، چونکە بەشێوەیەکی گشتی عێراق ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، ئێمەش کەوتووینەتە بەشێک لەم عێراقە، بۆیە ئەوەی بەسەر عێراق دێت بەسەر ئێمەش دێتەوە.

لەبارەی رێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار گوتی “ئێمە و یەکێتی باشترە لەسەر کوردستان رێکبکەوین نەک لەسەر سەرۆک کۆمار، چونکە پاراستنی ئەم ئەزموونە لە هەموو شتێکی دیکە بەنرخترە، شەهید و قوربانیەکی زۆرمان بۆ داوە.”