په‌یامێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر دەکات و دەڵێت، بە ئامانجکردنی بەو شێوەیەی هەولێر و دووبارەبوونەوەی پێشهاتێکی ترسناکە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان:

زۆر به‌ توندى ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كییه‌ سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ین كه‌ دره‌نگانى شه‌وى ڕابردوو به‌ شێوه‌یه‌كى ترسنۆكانه‌ى دڕنده‌، به‌ بێ هیچ پاساوێك خه‌ڵك و ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستانى به‌ ئامانج گرت.

سوپاس بۆ خواى مه‌زن كه‌ هیچ زیانێكى گیانى لێنه‌كه‌وته‌وه‌. هاوسۆزى هاووڵاتییانى خۆشه‌ویستى هه‌ولێرین كه‌ له‌ نیگه‌رانى و دڵه‌ڕاوكێدا كاتێكى سه‌ختیان به‌ڕێكرد. به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دى و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كان، ته‌بایى و یه‌كڕیزى و كارى پێكه‌وه‌یى له‌ هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌خوازێت.

به‌ ئامانجگرتنى به‌و شێوه‌یه‌ى هه‌ولێر و دووباره‌بوونه‌وه‌ى، پێشهاتێكى ترسناك و پێشێلكردنى زه‌قى ئارامى و سه‌قامگیرى و سه‌روه‌ریى عیراقه‌‌ و جگه‌ له‌ ئاڵۆزكردنى دۆخه‌كه‌ و زیانگه‌یاندن به‌ ئێستا و داهاتووى ته‌واوى عیراق، هیچ ئه‌نجامێكى دیكه‌ى نابێت‌.

داوا له‌ حكوومه‌تى فیدرالیى عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كه‌ین به‌ جددى له‌سه‌ر ئه‌م ده‌ستدرێژیانه‌‌ بوه‌ستن و هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ن تا چیتر ڕێگه‌ نه‌درێت بێڕێزى به‌ سه‌روه‌رى و سه‌قامگیریى وڵات و ئاسایش و ئارامیى هاووڵاتییانى بكرێت.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان