نێچیرڤان بارزانی و مەولوود چاوشئۆغڵو کۆبوونەوە

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2022/3/12 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌راوێزى كاره‌كانى كۆڕبه‌ندى ديپلۆماسيى ئانتاليادا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌ولوود چاوشئۆغلو وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى سياسيى عيراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕ و دۆخى ئۆكراينا و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، تاوتوێ كرا.

به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا سوپاسى به‌شداريى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ كۆڕبه‌ندى ديپلۆماسيى ئانتاليادا كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ توركيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان و له‌ دۆخى سياسيى عيراق ده‌ڕوانێت.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، ده‌ستخۆشى له‌ توركيا كرد بۆ هه‌وڵه‌كانى و كۆكردنه‌وه‌ى هه‌ردوو وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڕووسيا و ئۆكراينا، هه‌روه‌ها هيواى خواست کۆتایی بە تەنگژەکە بێت و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لەو قەیرانە سەختە دەرباز ببێت و قوربانيى زياترى لێنه‌كه‌وێته‌وه‌.

ده‌رباره‌ى دۆخى عيراقيش، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانی جه‌ختى له‌سه‌ر خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراليى عيراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، كرده‌وه‌.