سوپای رووسیا لە کیێڤ نزیک دەبێتەوە

سوپای رووسیا بەرەو کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا پێشڕەوی دەکەن و دۆخی شارەکە دژوارتر دەبێت.

باردۆخی کیێڤ دژوارتر بووە و زەنگی ئاگادار کردنەوە لێدەدرێت و سروودی نەتەوەیی لێدەدرێت، لە کڵێساکانی شارەکە نزا بۆ پاراستنی سەرباز و هاووڵاتییان دەکرێت”.

ئێستا تۆپباران و بۆردومانی رووسیا بۆ سەر ناوچەی ئێرپین بە خەستی دەستیپێکردووە، هێزەکانی رووسیا تەنها 10 کیلۆمەتر لە شاری کیێڤ دوورن، لە سێ لاوە شارەکە گەمارۆدراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “دەنگی تۆپباران تادێت لەناو شاری کیێڤ نزیکتر دەبێت و جوڵەی هێزە سەربازییەکان لەناو شار زیاتر بووە، ئەگەر نەتوانرێت لە سنوورەکان رێگری لە سوپای رووسیا بکرێت، رەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوو بگەنە ناو پایتەخت و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەست پێبکات”.

سەرچاوەک رایگەیاند: تاکە رێگای سەلامەت بۆ دەربازبوونی دانیشتووانی کیێڤ کە ماوە میترۆکانن، هەندێک کەس بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بەرەو شاری لیڤیڤ دەڕۆن، بەڵام پێدەچێت لە چەند کاتژمێرێکی دیکە ئەو دەروازەیەش نەمێنێت”.

ئەوەشی خستەڕوو: “چەند باڵیۆزخانەیەکی وڵاتان تا دوێنێ لە کیێڤ مابوون، بەڵام ئەوانیش شارەکەیان جێهێشت، دەگوترێت ئەگەر کیێڤ بکەوێتە بندەستی سوپای رووسیا ئەوکاتە شاری لڤیڤ دەکرێت بە پایتەختی ئۆکرانیا”.

پەیامنێرمان، روونیکردەوە: “لە باکوور و رۆژهەڵات و بەشێکی باشووری کیێڤ رێگاکان داخراون، لە باشووری رۆژئاوای شارەکە رێگایەک هەیە بەرەو شاری لڤیڤ، لەوێ چەندین بازگەی هێزەکانی ئۆکرانیا هەن، رێگە بە خەڵک دەدرێت بڕۆن”.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان: “لە شەوی رابردووەوە تائێستا ‌هێزەکانی رووسیا 15 کیلۆمەتر بەرەو کیێڤی پایتەخت پێشڕەویان کردووە”.

ئاوارە هەورامی، باسی لەوەشکرد: “ئێستا دەستکەوتنی خواردن و خواردنەوە و ئۆتۆمبێل لە کیێڤ دەست ناکەون، رۆژ دوای رۆژ ژیان لە شارەکە سەختتر دەبێت، بەڵام هێشتا سەربازانی ئۆکرانیا ورەیان بەرزە و دەڵێن، بەرگری دەکەین”