مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی دەکات 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی، جەختی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم بڕیارە، پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە و خزمەت بە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و سەقامیگریی و ئارامیی و ئاسایشی عێراق ناکات.

مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌مريكى کرد به‌ سه‌رۆكايه‌تى ماتيۆ توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا لە عێراق. شاندەکە له‌ جەنەراڵ جۆن برێنان فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا، جينيفه‌ر گاڤيتۆ جێگری ياريدەدەرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروبارى عێراق و ئێران، ئيتان گۆڵدريچ جێگری ياريدەده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروبارى ڕۆژهەڵاتی نزیک و وڵاتانی سووريا، لوبنان و ئوردن،  ڕۆبەرت پاڵادینۆ كونسوڵى گشتيى ئه‌مريكا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسی دیکەی پێکهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا، دوايين گۆڕانکاری و پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سياسى عێراق وبارودۆخى سوریا و ناوچەکە تاووتوێ کرا.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی سەبارەت بە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان . سەرۆکی حکوومەت، جەختی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم بڕیارە، پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە و خزمەت بە بەرژوەندیی هاووڵاتییان و سەقامیگریی و ئارامیی و ئاسایشی عێراق ناکات. سەرۆکی حکوومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دانوستان و لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕی.

شاندی ئەمریکی پشتیوانی خۆیان بۆ بەردەوامی سەقامگیریی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی كۆبوونەوەکە بوون .