جوتیار عادل: ئاماده‌ین شاندی ته‌كنیكی و سیاسی ره‌وانه‌ی به‌غدا بكه‌ین

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جووتیار عادل له‌ لێدوانێكی بۆ رۆژنامه‌نووساندا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یه‌ شاندی ته‌كنیكی و سیاسی ره‌وانه‌ی به‌غدا بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و گوتیشی: به‌ ته‌رخانكردنی بڕێك پاره‌ی داهاتی نه‌وتی مانگی سێ له‌ سبه‌یه‌وه‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ ده‌كرێت. روونیشیكرده‌وه‌، حكومه‌ت قازانجی ناوێت و له‌ هه‌ر دینارێكی خزمه‌تگوزاری چوار دینار خه‌رج ده‌كات و ئه‌و رسووماته‌ی كۆده‌كرێته‌وه‌ بۆ زیادكردنی داهات نییه‌ و پاره‌كه‌ ته‌رخان ده‌كرێت بۆ پڕۆژه‌ی دیكه‌.

ده‌قی وته‌كانی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

بێگومان كۆمه‌ڵێك له‌ بابه‌ت له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ داهات و مووچه‌ و خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت كه‌ به‌رده‌وام له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران جه‌ختمان له‌سه‌ر بابه‌تێكی گرنگ كردووه‌ ئه‌ویش بابه‌تی زامنكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هه‌روه‌ها ده‌سته‌به‌ركردنی قووتی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی حكومه‌ته‌. ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ وه‌كو حكومه‌ت له‌و كابینه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و قه‌یرانانانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌وه‌ كردوومانه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وه‌كو حكومه‌ت بۆ دابینكردنی مووچه‌ و بودجه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان چ له‌ سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا و چ له‌سه‌ر ئاستی داهات و سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت، ئێمه‌ هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌رنامه‌ و سیاسه‌تمان داڕشتووه‌ و بۆیه‌ خه‌ڵكی خۆمان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ حكومه‌ت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك درێغی ناكات و هیچ كاتێكیش سڵ له‌ دابینكردنی مووچه‌ی مووچه‌ خۆران ناكات كه‌ دابینی ده‌كات.

بۆیه‌ هیوادارم خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌رییان تێ نه‌كرێت له‌سه‌ر هه‌ندێك پڕوپاگه‌نده‌ و به‌رنامه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن كه‌ بیانه‌وێت بابه‌ته‌كه‌ به‌لاڕێدا ببه‌ن و ته‌شویشێك له‌ناو خه‌ڵك درووست بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه‌كه‌ نییه‌. بۆیه‌ هه‌ر بۆ بیرهێنانه‌وه‌ رۆژی شه‌ممه‌ 5ی 3ی 2022 ئه‌نجوومه‌نی ئابووری هه‌رێمی كوردستان كۆبوه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌ ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌وێ به‌ڕێزیان سه‌رۆكی حكومه‌ت لایه‌نه‌كانی راسپارد له‌وه‌ی كه‌وا هه‌رچی زووه‌ داهاته‌كان كۆبكرێنه‌وه‌ و ئاماده‌ بكرێن بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌ زووترین كاتدا، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌ رێگه‌ی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران راپۆرتێكیان ئاماده‌ كردبوو له‌سه‌ر داهات و خه‌رجییه‌كان و دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م راپۆرته‌ پێشكه‌ش كرا، كه‌ بڕی هه‌نارده‌ كردنی نه‌وت بۆ مانگی شوبات و هه‌روه‌ها ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ ده‌رئه‌نجامی فرۆشتنی نه‌وتی كوردستان دوای ده‌ركردنی خه‌رجییه‌كانی كۆمپانیاكان و گواستنه‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه‌ كه‌ به‌ ورده‌كاری لای ئێمه‌ هه‌یه‌ بڕیار درا به‌یانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی مانگی شوبات به‌ بێ لێبڕین دابه‌ش بكرێت و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش كه‌ ده‌بوایه‌ حكومه‌تی عێراق بینێرێت به‌داخه‌وه‌ نه‌یناردووه‌ و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر دواكه‌وتنی مووچه‌ و هۆیه‌كی تر كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی مووچه‌ دوا بكه‌وێت.

مه‌سه‌له‌ی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتی حكومه‌ت بوو بۆ گه‌نجینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ بۆ ئه‌و 200 ملیاره‌ی كه‌ حكومه‌تی عێراق ده‌بوایه‌ بیناردبا، به‌داخه‌وه‌ نه‌یناردووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ناچار بووین له‌ داهاتی ئێستا بۆ مووچه‌ی مانگی دوو له‌ داهاتی مانگی سێی نه‌وت ئێمه‌ بڕێك پاره‌ دابین بكه‌ین بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه‌ی ئێستا هه‌یه‌ بۆ مانگی دوو ئێمه‌ ته‌مویلی بكه‌ین. ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ نسبه‌ت ئێمه‌وه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی حكومه‌ته‌ و كه‌س ناتوانێت له‌و باره‌یه‌وه‌ موزایه‌ده‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ بكات. چونكه‌ هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆمان راشكاوانه‌ قسه‌ بكه‌ین، كه‌ ئێمه‌ هه‌موو ئه‌و پارانه‌ی پێویسته‌ بۆ مووچه‌ ئێمه‌ هه‌وڵ بده‌ین دابینی بكه‌ین و له‌ كاتی خۆیدا دابه‌شی بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ندێكجار گرفت دێته‌ پێش حكومه‌ت له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ دابین بكه‌ین.

بێگومان له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین مه‌سه‌له‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی داهات بۆ گه‌نجینه‌ی حكومه‌ت و ئه‌و گرفتانه‌ش لابه‌رین و چاره‌سه‌ری بكه‌ین. ئه‌مه‌ یه‌ك له‌و بابه‌تانه‌ بوون كه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران یه‌كده‌نگ بوون له‌سه‌ری و پێشتریش سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كردووه‌ته‌وه‌. كه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین و ئه‌وه‌ی پێویسته‌ و گرنگه‌ و ئه‌وه‌ی رێكاره‌ و بڕیاره‌ و یاسایه‌ ئێمه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ بیبه‌ین بۆ زامنكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و زامنكردنی قووتیی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی. جگه‌ له‌وه‌ وه‌ك ئاگادارن پرسی بڕیاری دادگای فیدراڵی كه‌ بڕیارێك بوو پێشێلی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆیه‌ ئه‌و چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت خرایه‌ ڕوو و باسی له‌وه‌ كرد، هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر رێگرتن له‌ پێشێلكردنی مافی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانیان كرد و جه‌ختیان كرده‌وه‌ نابێت مافی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان پێشێل بكرێت.

ئه‌وه‌ی پێویسته‌ چ له‌سه‌ر ئاستی لایه‌نه‌كان و چ له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تی عێراقی ئێمه‌ به‌رده‌وام بین له‌گه‌ڵیان و ئاماده‌شین شاندی ته‌كنیكی و سیاسی بنێرین بۆ به‌غدا به‌ مه‌رجێك هه‌ر هه‌نگاوێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به‌ پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه‌كان و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێك بوو به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی پێدا.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ بابه‌تی رسوومات، كه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی راپۆرتێكی له‌ باره‌یه‌وه‌ ئاماده‌كردبوو، له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار له‌ حكومه‌ت، ده‌مه‌وێت ئه‌مه‌ش به‌ خه‌ڵكی كوردستان رابگه‌یه‌نم كه‌ حكومه‌ت ده‌زگایه‌كی قازانج نه‌ویسته‌ و ته‌نیا خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش ده‌كات، وه‌ك ئاسایش و خزمه‌تگوزاری ئاو و كاره‌با و ئه‌و بابه‌تانه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ خه‌ڵكی خۆمان دڵنیا ده‌كه‌ین، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر پێشكه‌ش بكات و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌سه‌له‌ی رسوومات بۆ زیادكردنی داهاتی هه‌رێمی كوردستان نییه‌.

هه‌ر بۆ زانیاری ئێوه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 470 خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌ركی خۆیه‌تی و له‌ هه‌مان كاتیشدا بۆ هه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌ك ئێمه‌ یان ده‌توانم بڵێم ئێمه‌ بۆ هه‌ر دینارێكی خزمه‌تگوزاری ئێمه‌ چوار دینار خه‌رج ده‌كه‌ین، بۆیه‌ مه‌به‌ست له‌م توێژینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ تۆزێك خه‌رجی حكومه‌ت كه‌مبكه‌ینه‌وه‌ و له‌ كۆتاییدا ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تێكی تر ته‌رخان ده‌كرێت. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئێستاوه‌ دیار بێت ئامانجی حكومه‌ت به‌و شێوه‌یه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ زیاتر خزمه‌تگوزاری بۆ خه‌ڵكانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ین.

بێگومان بابه‌تێكی تر ئه‌ویش بابه‌تێكی له‌ كه‌ناڵه‌كان و سۆشیال میدیا مه‌سه‌له‌ی ئه‌و دۆخه‌یه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی جیهان بووه‌ته‌وه‌ و مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕی نێوان رووسیا وئۆكرانیایه‌ و نرخی هه‌ندێك شتومه‌كی بنه‌ڕه‌تی زیاد بووه‌ و دیسان سه‌رۆكی حكومه‌ت دووپاتیكرده‌وه‌ و فه‌رمانی به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ كردووه‌ و ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا كه‌ بازاڕ كۆنترۆڵ بكرێت و قۆرغكاری نه‌كرێت و ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی رێنماییه‌كانی حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكات ده‌بێت سزا بدرێت و له‌ هه‌فته‌ی رابردوو كۆمه‌ڵێك بازرگان یان هه‌ندێك شوێنی بازرگانی سزا دران له‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كه‌یان قۆستووه‌ته‌وه‌ بۆ قازانجێكی كورتخایه‌ن ئه‌مه‌ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت بۆیه‌ ئێمه‌ رێ له‌وه‌ ده‌گرین و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زیری بازرگانی و كشتوكاڵ تێبینییه‌كانیان خسته‌ڕوو بۆ چۆنێتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و پێشهاته‌ سیاسییانه‌ی له‌ جیهان و ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌.

سه‌رۆكی حكومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی خۆمان دڵنیا بكه‌ین له‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ بڕێكی باشی كاڵه‌كی بنه‌ڕه‌تی بۆ خه‌ڵكی له‌ بازاڕه‌كان و كۆگاكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و ئه‌و ترسه‌ نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ و بۆیه‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان دڵنیا بن له‌وه‌ی كه‌وا قه‌یرانێكی گه‌وره‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی چ نرخی كاڵه‌ك یان بڕی كاڵه‌ك له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌و شێوه‌یه‌ نابێت و بۆیه‌ ئێمه‌ش كارمان كردووه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كه‌ بتوانین ئه‌و رێكارانه‌ی پێویسته‌ بۆ سه‌قامگیری كردنی بازار و جێگیركردنی نرخه‌كانی كاڵه‌كه‌كان كه‌ بنه‌ڕه‌تین له‌لای هاووڵاتیان و ئێمه‌ كاری بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین و جێگری بكه‌ین و ئه‌و رێكاره‌ی پێویسته‌ چ له‌سه‌ر ئاستی كه‌رتی تایبه‌ت یان كه‌رتی حكومه‌ت ئێمه‌ جێبه‌جێی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بازاڕه‌كه‌ به‌ سه‌قامگیری بمێنێت و نرخه‌كان به‌رز نه‌بن و ئێمه‌ وه‌كو حكومه‌ت رێگری لێده‌كه‌ین.

بێگومان ره‌وشی گشتیی هه‌موو جیهان كاریگه‌ری لێكراوه‌ له‌به‌ر ئه‌م جه‌نگه‌ و بێگومان كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ پێی توانا چ له‌سه‌ر ئاستی پاڵپشتكردنی چۆن ئێمه‌ له‌ دۆخی كۆرۆنا هه‌موو هه‌وڵێكمان دا كه‌ هاووكاری خه‌ڵكی هه‌ژار بده‌ین كه‌مده‌رامه‌ت و خانه‌نشین و چینی فه‌رمانبه‌ران هه‌روه‌هاش ئێمه‌ له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاستی بژێوی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان زۆر كاریگه‌ر نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا هه‌یه‌ یان ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوو رووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێته‌وه‌.

بۆیه‌ هه‌ر رێكارێك له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه‌ ده‌گرینه‌ به‌ر بۆ زامنكردنی ئه‌و ئاستی بژێوه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌تی له‌ ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه‌ حكومه‌ت هه‌یه‌تی له‌ مه‌سه‌له‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌م كابینه‌یه‌ پێشكه‌ش كراون و ئینشه‌ڵڵا هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ هه‌مان كاتدا وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی راپۆرتێكی پێشكه‌ش كرد له‌سه‌ر رێكخستنه‌وه‌ی ده‌ستكاری لۆكاڵی و بیانی و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان پابه‌ندی ئه‌و رێژه‌یه‌ ببن كه‌ بۆ كرێكاری لۆكاڵی دانراوه‌ وه‌كو كرێ و پێویسته‌ له‌ رووی كاتژمێره‌وه‌ش هه‌موو لایه‌نه‌كان پابه‌ند بن و چونكه‌ ئه‌مه‌ بڕیارێكی حكومییه‌ و ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك پێوه‌ی پابه‌ند بێت و هه‌ر لایه‌نێك پابه‌ند نه‌بێت رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێته‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك وه‌زاره‌ت و كه‌سانی پسپۆڕ راسپێردرا كه‌ پڕۆژه‌یاسای خانه‌نشینی كه‌رتی تایبه‌ت كه‌ ئاماده‌یه‌ و بڕوا ده‌كه‌م له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به‌ ته‌واوی ئاماده‌ بكرێت و بنێردرێت بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌ رووی رێكاری جێبه‌جێكردن وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یگرینه‌ به‌ر بۆ زیاتر پێدانی هه‌لی كار بۆ گه‌نجه‌كانمان و زامنكردنی كار و هه‌لی كار بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌وا هه‌م له‌ رووی كرێ و هه‌م له‌ رووی كاتی كاركردن جێبه‌جێ بكرێت و وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ بڕیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌.

ئه‌مانه‌ به‌ گشتیی ئه‌و بابه‌تانه‌ بوون كه‌ له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ حكومه‌ت هه‌ر كاتێك و هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ك دێته‌ به‌رده‌ستی وێڕای ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووی حكومه‌ت ده‌بێته‌وه‌ و ئێمه‌ بۆ مووچه‌ی ته‌رخان ده‌كه‌ین و هه‌وڵه‌كانمان چ له‌سه‌ر ئاستی چاكسازی و ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی له‌ خزمه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و زیادكردنی داهات، كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی دابینكردنی مووچه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌