ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار سیمبوولی بە‌هێزی گڕی شۆڕش و نیازی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

رۆژی ھەینی، ساڵیادی رێککەوتننامەی ١١ـی ئازارە، کە تێیدا شۆڕشی ئەیلوولی مەزن ئامانجەکانی خۆی بە دەست ھێنا، کە لە پێناویدا بارزانی نەمر، رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، شۆڕشی ئەیلوولی لە دژی رژێمی عێراق و بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کوردستان، ھەڵگیرساند.

٥٢ ساڵ بەسەر رێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ تێدەپەڕێت، کە لە نێوان حکوومەتی ئەوکاتی عێراق و بارزانی نەمر، سەرکردەی شۆڕشی ئەیلوول لە ھەرێمی کوردستان، واژۆکرا و تێیدا کورد “حوکمی زاتی” بەدەستھێنا.
پاش چەند گەڕێکی گفتوگۆ لەنێوان سەرکردایەتی شۆڕشی کورد بە رابەرایەتی بارزانی نەمر و سەرکردایەتی رژێمی ئەوکاتی عێراق، لەشەوی ١٠ لەسەر ١١ی ٣ی ١٩٧٠ بارزانی نەمر ‌و سەدام حسێن، لە قوتابخانەی ناوپردان لە قەزای چۆمان ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد، لە دوای ٩ی ساڵ لە خەبات بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر و لە ژێر ناوی شۆڕشی ئەیلوول، توانرا رژێمی ئەوکاتی عێراق ناچار بکرێت بۆ یەکەم جار و بە فەرمی دان بە بوونی کورد و بەشێک لە مافەکانی دابنێ، لە رێککەوتنەکەی ١١ ئازاری ١٩٧٠ سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول توانی کۆمەڵێک مافی گرنگ و مێژوویی بۆ کوردستان بەدەستبێنێت، گرنگترین دەستکەوتەکانیش، رازیکردنی رژێمی ئەوکاتی عێراق بوو تا بە فەرمی دان بنێ بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلەکەمان و دامەزراندنی دەسەڵا‌تێکی خۆجێی لە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا زمانی کوردییش زمانی سەرەکی خوێندن بێت لە قوتابخانەکانی کوردستان، ئەمەش بۆ یەکەمجار و لە ژێر کاریگەری شۆڕشدا توانرا بە شێوەیەکی فەرمی ئەو مافانە بۆ گەلی کوردستان دەستەبەر بکرێت.
یەکەمجاربوو حکوومەتی عێراق دان بەمافەکانی کورد دابنێ، بەپێی رێککەوتنەکە، بڕیاربوو تا ساڵی ١٩٧٧، لەڕێگەی سەرژمێری گشتی، ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد دیاریبکرێت، بەو مەرجەی کورد بەشداری حکوومەتی عێراق بکات.
بە درێژایی ماوەی نێوان گفتوگۆی سەرکردایەتی سیاسی کورد بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر و حکوومەتی عێراق لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨-١٩٧٠ تا ئەو کاتەی گەیشتە بواری واژۆکردن، بارزانی نەمر سەردانی شاری بەغدای نەکرد، واتە بۆ ھیچ دانیشتنێک نەچووە پایتەختی دەوڵەتی عێراق، بەڵکو ئەوانی ھێنایە بارەگای سەرکردایەتی شۆڕش، ئەوەش بەو مانایە دێت بە ھیچ شێوەیەک سازش و لاوازی بەرامبەر ئەوان نیشان نەدا، لەکاتێکدا بەپێی ھەموو پێوەرە سیاسی و نەریتە دیپلۆماسییەکان دەبوایە سەرکردەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازەکە کە داواکاری و جێبەجێکارەکانی لە پایتەخت بوون، سەردانی ناوەندی وڵاتەکە بکات و لەوێ بە ئامادەبوونی خۆی واژۆ لەسەر ڕێکەوتننامەکە بکات، بەڵام گەورەیی بارزانی نەمر لەوەدا بوو کە بۆ یەک چرکە ساتیش ئەو کارەی نەکرد.
دوای چوار ساڵ لە ڕێککەوتن و گفتوگۆ، حکوومەتی عێراق لە ڕیککەوتنەکە پاشگەزبووە و دواتریش ڕێککەوتنی جەزائیری لە ١٦/٣/١٩٧٥ لەگەڵ شای ئێران واژۆ کرد بە دەستبەرداربوونی بەشێک لە خاکی عێراق لەبەرامبەردا شای ئێران ھاوکاریەکانی بۆ شۆڕشی گەلی کوردستان رابگرێت و بەمەش کۆتایی بەو ھەوڵی چارەسەرییە ھات کە بۆ دۆزی کورد لە عێراقدا ھاتبووە ئاراوە.
رەسول محەمەد، نووسەری رێککەوتنامەکە، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:”پێش ساڵی ١٩٧٠ گفتوگۆی چڕ ھەبوو لە نێوان وەفدی شۆڕش و وەفدی رژێمی ئەو کاتی عێراق بۆ رێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک خاڵ، دوای دانوستاندن و چوون و ھاتنی شاندەکان دواتر رێکەوتننامەی یازدەی ئازاری لێکەوتەوە.
نووسەری رێککەوتنامەکە، دەشڵێ:” دوای نووسینەوەی رەشنووسەکە لەلایەن ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و بە بڕیاری بارزانی نەمر پێداچوونەوەی بۆ دەکرا، نوری شاوێس، د.مەحمود عوسمان، حەبیب محەمەد کەریم، عەلی عەبدوڵڵا، سامی عەبدولرەحمان و چەند کەسێکی دیکە کە زمانی عەرەبیان دەزانی بە رەشنووسەکەدا چوونەوە و دواتر رەشنووسەکەمان دایە مەکتەبی سیاسی بۆ پێداچوونەوە، دواجار لە رێککەوتی ١٠لەسەر١١ـی ٣ـی ١٩٧٠، دوای ھاتنی سەدام حوسێن بۆ چۆمان، رێککەوتننامەکە مۆرکرا، کە گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی بوو بۆ گەلی کوردستان، کارێزمایی و ھەیبەتی بارزانی نەمر لەوە دەردەکەوت کە توانی حکوومەتی عێراق ناچار بکات لە بەغداوە بێنە ناوچەی شۆڕشی ئەیلوول لە باڵەکایەتی و گفتوگۆ لەگەڵ بارزانی نەمر بکەن و رێکەوتننامەکە مۆر بکەن”.
رەسول محەمەد، ئاشکراشی کرد:” رێککەوتننامەی یازدەی ئازار خاڵەکانی بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسرانەوە، بە ئامێری چاپ نووسیمان و بە رۆنیۆش کۆپیمان کرد، کارەبا نەبوو، لە ژوورە قوڕینەکەمان لەبەر فانۆس کارمان دەکرد، زۆرجار تا کاتژمێر چواری شەو دەماینەوە و کارمان لەسەر رێککەوتننامەکە دەکرد، بۆیە شانازی بەو رۆژانەوە دەکەم، چونکە گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی کە لەسەر دەستی بارزانی نەمر بۆ گەلی کوردستان بەدەست ھات، بە دەست و پەنجەکانی خۆم نووسییەوە.
رەسول محەمەد، نووسەری رێککەوتنامەکە، گوتیشی:” دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەکە ژیانی خەڵک خۆش بوو و گەلی کوردستان دەستی بە قۆناغێکی نوێی ژیان کرد، بۆیە ئەم رێککەوتننامەیە بووە ھۆکاری ئەوەی ئاشتی بەرپا بێت و خەڵک لەو ناخۆشییەی تێدا بوو رزگاری بێت، ئەمەش ھەموو لە سایەی بارزانی نەمر بوو کە وەک سەرکردەیەکی کارێزما توانی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ناچار بە چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد بکات”.

ھەواڵی زیاتر