نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی له‌ عه‌ممار حه‌کیم ده‌کات 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٦/٣/٢٠٢٢ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەل بەڕێز سه‌ماحه‌تی سەید عەممار ئه‌لحەکیم بۆ ھەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، پیرۆزبایی لە بەڕێزیان کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و جەختی لەبرەودان به‌ په‌یوەندیی مێژووییی نێوانیان کردەوە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا پیرۆزبایی لە سەرکردایەتیی تازەی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد بۆ ئەو بڕوایەی بەدەستیان ھێناوە و ھیوای خواست لە ئەرکەکانیدا بۆ خزمەتکردن بە گه‌ل و وڵات سەرکەوتوو بن.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لە به‌رپرسیاریه‌تیی هاوبه‌ش و کاری پێکەوەیی لەنێوان تەواوی ھێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی عێراقدا کردەوە بۆ تێپەڕاندنی سەختییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و گفتوگۆ و لێکگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕاستەڕێکردنی پرۆسەی سیاسی.

لای خۆیەوە بەڕێز سەماحەتی سه‌ید عەممار ئەلحەکیم سوپاس و پێزانینی خۆی و سه‌رکردایه‌تیی ڕه‌وتی حیکمه‌ی نیشتمانی بۆ پەیوەندی و پیرۆزباییی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و داکۆکی لە پەیوەندیی دێرین و پتەوی نێوان ھەردوولا کردەوە و ھیوای خواست بە ھاریکاری و لێکگەیشتنی ھەموو لایەنەکان، سەختییەکانی دۆخی ئێستای وڵات تێبپەڕێنرێن و کۆتاییان پێ بێت و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای وڵات، هه‌مووان پێکه‌وه‌ کۆبکاته‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر