مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، له كۆڕبهندی پیشهسازی له پێناو رهخساندنی بازاڕ و ههلی كار گوتارێكی پێشكهش كرد.
دهقی گوتارهكه
بهناوی خوای گهوره و میهرهبان
خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەشدارم لەم کۆڕبەندە پیشەسازییە گرنگە، کە ئامانج لە بەستنی ئەم کۆڕبەندە، رەخساندنی بازاڕە بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان و هەروەها هێنانەئارای دەرفەت و هەلی کارە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.
دەستخۆشی لە رێکخەرانی ئەم کۆڕبەندە دەکەم و هیوادارم ئەنجامەکانی، ببێتە هۆی زیاتر بەرەوپێشچوونی ئابووری و دروستکردنی دەرفەتی زیاتری کار.
ئێمە لەسەرەتای ئەم کابینەیەدا، کارمان بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و بایەخدان بە گشت کەرتەکان کرد، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە سەرچاوەیەکی داهات نەبەستین، بەتایبەتی گرنگییەکی زۆرمان بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ داوە و لەم رووەوە تا ئێستا چەندین پڕۆژەمان ئەنجام داوە. ههندێكتان بینی، ئامانجی سەرەکیشمان، بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز بووە بۆ هەرێمی کوردستان.
بەڵام ئاشکرایە پاش ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان، دووچاری چەند قەیرانێکی سەختی تەندروستی و ئابووری بوونەوە. وەک بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی و بەتایبەتی دابەزینی نرخی نەوت لهو كاتهدا لە بازاڕەکانی جیهاندا، هەروەها نەناردن و دواکەوتنی خەرجکردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، كه تا ئێستاش بهردهوامه، کاریگەریی نەرێنی لە سەر هەموو بوارەکانی ژیاندا دروست کرد. ئەم قەیرانانە، کێشە و گرفت و تەحەدای گەورەی نەک هەر بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ وڵاتانی زلهێزی خاوەن ئابووریی و پیشەسازی گەورەی جیهانیش دروست کرد و سیستەمی دارایی و ئابووریی ئەو وڵاتانەی دووچاری داڕمان و زیانی گەورە کردووە.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەش، ئێمە هەرگیز لە کارکردن و پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریی و ستراتیجییەکان نەوەستاوین و بەپێی توانای دارایی بەردەست، بەردەوام بووین و لەماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لە بوارە جۆراوجۆرەکان ئەنجامدراوە، وەک رێگاوبان، پیشەسازی ، کارەبا، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، کە هەندێکيان جێبەجێکراون و تەواوبوون و هەندێکیشیان ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندان. بێگومان بەشێک لە پڕۆژەکان بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت ئەنجامدراون، کە لێرەدا سوپاسی کەرتی تایبەت دەکەم، کە بە هەماهەنگی و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی رابردوودا پڕۆژەی گرنگیان ئەنجامداوە و حکومەتیش هەر ئاسانکارییەکی پێویست بێت، پێشکەشی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەکات بۆ ئەوەی بەشداربن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان. لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک، پاڵپشت و هاوکاری گەنجان و خاوەن پڕۆژە بچووکەکان لە بوارەکانی پیشەسازی و بازرگانی و داهێنان لە هەموو روویێکەوە دەبێت.
ههر لێرهشهوه لایهنه پهیوهندارهكان رادهسپێرم، بۆ لابردنی بهربهستهكان و ئهو لهمپهرانه و ئاسانكردنی زیاتر بۆ پێشخستنی كهرتی پیشهسازی، ئێمە هەمیشە لە سەردانەکانمان بۆ دەرەوە و دیدارەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکانمان، ئالوگۆڕی بازرگانی و پێشخستنی ئابووری و دۆزینەوەی بازاڕبووە بۆ بەرووبووم و بەرهەمە ناوخۆییەکان و هەروەها رەخساندنی هەلی کاربووە بۆ گەنجەکانمان لە رێگەی هاندان و راکێشانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی وڵاتە پێشکەوتووەکان لە پێناو بنیاتنانەوە و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلان و بەرنامەی گرنگ و تۆکمەی هەیە، بۆ بایەخدان بە کەرتی پیشەسازی، بە تایبەتی لە بوارەکانی پیشەسازی خۆراک و پێترۆکیمياوی و پیشەسازی کانزاکان و دابینکردنی ماددەی خام بۆ پیشەسازی بچووك و مامناوەند و دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
بەڵام بێگومان بەدیهێنان و جێبەجێکردنی هەموو ئەو پڕۆژانە بە پلەی یەکەم بەندە بە هەبوونی سەقامگیریی سیاسی لە عێراق بە گشتی و هەبوونی پەیوەندییەکی باش و دۆستانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، کە ئێمە پێمانوایە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتیانی عێراقدایە و پێویستە بەو چاوەوە خوشک و برایانمان لە عێراق، سەیری پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بکەن نەک بە پێچەوانەوە، هەوڵی ئاستەنگ و کێشە و گرفت دروستکردن بدەن بۆ هەرێمی کوردستان. ئێمە بەو داهات و توانا داراییە سنووردارەی بەردەستمان، ئەو پێشکەوتنەمان لە کوردستان دروستکردووە، کە لە هەموو بوارەکاندا جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق هەیە. بەڵام بەداخەوە لە جیاتی پشتیوانیکردن و دەستخۆشیکردن، هەندێک لایەن هەوڵی وەستاندن و سزادانی هەرێمی کوردستان دەدەن.
بۆیە هیوادارم ئەوانەی بیر لە تێکدانی پێشکەوتنی کوردستان دەکەنەوە، کەمێک بیر لەوەش بکەنەوە ئەو هەموو شەڕ و وێرانکارییەی لە ساڵانی رابردوودا لە عێراق روویاندا چ قازانجێکی بە خەڵکی عێراق گەیاند و ئەگەر ئەو هەموو توانا و داهاتەی عێراق لە جیاتی شەڕ و وێرانکاری و ململانیێی سیاسی لە خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنی عێراق بەکارهێنرابووایە، ئێستا دڵنیاین عێراق یەکێک لە وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکانی ناوچە و جیهان دهبوو.
ئێمە لێرەدا دووپات دەکەینەوە کە خوازیاری باشترین پەیوەندین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و بە هەموو شێوەیەکیش داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانمان دەکەین لەپێناو زیاتر پێشخستنی هەرێمی کوردستان و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە هەموو عێراق.
جارێکی ديكە دەستخۆشی لە رێکخەرانی ئەم کۆڕبەندە دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.