دوای سکاڵایەکی زۆر، پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەركۆمار کەوتەوە سەر ڕێچکەی خۆی

پەرلەمانی عێراق دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ڕەتکردنەوەی ماوەی درێژکردنەوەی کاتی خۆپاڵاوتن، کۆ بۆوە و، دەنگی بە یاسایەک دا، کە بە گوێرەی یاساکە ئەو دەرفەتە بە یاسایی دادەنرێت تا دەرگای خۆپاڵاوتن بکرێتەوە و، هەر کەسێک کە مەرجەکانی هەبێت خۆی بۆ پۆستی سەركۆمار کاندید بکات.

لە کۆبوونەوەی سەرەتای ئەم مانگەی دادگای باڵای فیدراڵیدا هەندێک لایەنی سیاسی پێیان وا بوو دادگا وێڕای ڕەتکردنەوەی ماوەی درێژکردنەوەی کاتی خۆپاڵاوتن کە لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە دەرچوو بوو، هیچ دەرفەتێک لەبەردەم دامەزراوەی پەرلەمان ناهێڵێتەوە و، بەمەش دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاندیدکردنی پاڵێوراوی دووەمی خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری دەبەسترێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لە بڕیارەکانی پێشووی دادگاکەدا زۆر بە زەقی پێشێلکردنی هەندێک بڕگەی دەستووری بینرا، دادگاکە بۆی نەچووە سەر كە لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بێت.
دوێنێ شەممە پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە و، دەنگیان بە پڕۆژە یاسایەک دا کە شەرعیەت بە درێژکردنەوەی کاتی خۆپاڵاوتن دەدا و، بۆ ئەو مەبەستە سێ ڕۆژ دیاری کرا تا خەڵک خۆیان کاندید بکەن. بەوپێیە ئەوانەی لە گەڕی پێشوودا خۆیان پاڵاوتبوو دووبارە داواکارییەکە پێشکەش دەکەن. ڕێبەر ئەحمەد کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بەهێزترین کاندید هەژمار دەکرێت.
لە ٣٢٩ نوێنەری پەرلەمانی عێراق، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی دەنگیان بە پڕۆژەیاساکەدا ٢٠٣ ئەندام بوون و ٦٢ ئەندامیش دەنگیان بە پڕۆژەکە نەدا و بۆیەش پەسند کرا. دادگای باڵای فیدراڵی داوای کردبوو بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پڕۆژەکە پەسند بکرێت.
لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق، نوێنەرانی هەر یەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان و چەند لایەنێکی تر ئامادە بوون.
نزیکەی پێنج مانگ بەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێدەپەرێت بەڵام تەنیا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردراوە و هێشتا پەرلەمان نەیتوانیوە سەركۆمار هەڵبژێرێت، تا دواجار ئەویش فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمانی ڕاسپێرێت تا حکوومەت پێک بهێنێت.
لە نۆی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و هەر یەک لە محەمەد حەلبووسی لە فراکسیۆنی سەروەری، وەک سەرۆکی پەرلەمان و حاکم زاملی لە فراکسیۆنی سەدر و دکتور شاخەوان عەبدوڵڵا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان کران.
بەپێی یاسا، پێویست بوو لە حەوتی شوباتدا، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر هەڵبژاردنی سەركۆمار یەکلا کرابایەوە، بەڵام گوشاری هەندێک لایەنی شیعە و بەرزکردنەوەی سکاڵا و بەسیاسیبوونی بڕیارەکانی دادگا وای کرد کاندیدی پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەركۆمار لە لیستەکە بهێنرێتە دەرەوە و، دووبارە پڕۆسەکە دوا بکەوێت.
بەهۆی بڕیارەکەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق دووبارە ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی سەركۆمار دوای دواکەوتنێکی زۆر دەستی پێ کردەوە و، دەگوترێ لە شەشی ئادارەوە سێ ڕۆژ دەرفەتە بۆ ئەوانەی خۆیان کاندید دەکەن و، پێشبینی ناکرێت لیستەکەی پێشوو گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا بێت.

ھەواڵی زیاتر