گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە وەڵامی نووسینێکی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری دەڵێ دەبوو وەک ئەوەی لە ئۆکراینا دەکرێت ئێوەش لە عامودێک ببەسترابانەوە و لەسەر پشتتان بنووسرابووایە ئەمانە بوونە پیاوی هەموو کەس، جگە میللەت و خاک و وڵاتی خۆیان.
پێشەوا هەورامانی، لە وەڵامی نووسینێکی عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ رایگەیاند: “سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ تای دەرنەچوونی لە هەڵبژاردن بەری نادات، سەرۆکی حکوومەت شکستی بهێنایە خەڵک لە نێوان ئێوە و حزبەکەی ئەودا ئێوەیان هەڵدەبژارد،ڕاستە دۆخی ئێمە خراپە و هەموو جۆرە فشارێک هەیە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، بەڵام ئەوەی لە بەرپرسیارییەت هەڵنەهاتووە و شانی داوەتە بەر ئەم بارە قورسە سەرۆکی حکوومەت و حزبەکەیەتی نەک ئێوە”.
هەورامانی دەشڵێ: “خۆزگە ئەم هەرێمی کوردستانە خاوەنی ئۆپۆزسیۆنێکی پاک و خەمخۆر بووایە تاوەکوو ئاوێنەی حکوومەت بێت و یارمەتیدەربێت بۆ چارەسەری کێشەکانی خەڵک نەک بە نەفەسی دوژمنکارانە کاربکات”.
پێشەوا هەورامانی لە درێژەی لێدوانەکەیدا لە وەڵامی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ راشیگەیاند: “دەبوو ئۆپۆزسیۆن دەستپێشخەری و بەرنامەی هەبێت نەک کەسێکی هیچ لەبارا نەبووی قسە گەورەی هاوشێوەی ئێوە، کە ئەگەر دەوڵەت و دەستوورمان هەبووایە بەشێکی زۆرتان هاوشێوەی ئەوەی لە ئۆکراینا هەیە، دەبوو بە عەمودێکەوە ببەسترێن و لەسەر پشتتان بنووسرێت ئەمانە بوونە پیاوی هەموو کەس، جگە میللەت و خاک و وڵاتی خۆیان”.

