١/١٠ـی ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، فەرمانی ھەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ـ عێراق واژۆ کرد. بە گوتەی بەرپرسانی ھەڵبژاردن و پەرلەمانتاران، کێشە لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە، ئەگەر لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن حکوومەت ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ دابینکردنی بوودجەی ھەڵبژاردن.

لە فەرمانە ھەرێمییەکەدا ھاتووە کە بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٠٥، یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ـ عێراق، ھەموارکراو، ڕۆژی ١/١٠/٢٠٢٢ وەک ڕۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرا.
ھەر بەپێی فەرمانەکە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک پەرلەمان، حکوومەت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان، دەست بە ڕێکارە پێویستەکان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بکەن.
١٣ی ئەم مانگە شاندێک لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بە راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی، پێکھێنرا بۆ یەکخستنی رای لایەنەکان لەسەر ھەڵبژاردن، پەیکەری کۆمیسیۆن و رەشنووسی دەستوور سەردانی لایەنە سیاسییەکانیان کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوورە لەسەر ئەوەی نابێت لەژێر ھیچ پاساوێکدا ھەڵبژاردن دوابخرێت.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە” لە ڕوانگەی بەرپرسیارەتی و ئەرکی پەرلەمانیمان بەرامبەر بە لادانی بەربەستە یاساییەکان لە بەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردن، پێشوازی لە مەڕسوومی ھەرێمی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین بە دیاریکردنی ڕۆژی ١ی١٠ی٢٠٢٢ بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو” بۆ ئەم مەبەستە فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی کوردستان ھاوکار و ھەماھەنگ دەبێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتی یاسایی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرکەوتەی لایەنە سیاسییەکان و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش، لەپێناو ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی بێگەرد و زەمینەسازی بۆ بەشداریی ھاووڵاتییان لە پرۆسەی ھەڵبژاردن”.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ، ئامادەین لەسەر یاسای ھەڵبژاردن گفتوگۆ بکەین، لەگەڵ ئەو لایەنانەش بگەینە رێککەوتن کە داوای ھەموارکردنەوەی یاساکە دەکەن، ئێمە لەگەڵ لێک تێگەیشتنین رەفزی فەرزی ئیرادەی ھەموو لایەنێک دەکەین کە فەرزی ئیرادە بێت بەسەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان، دوای فەرمانی سەرۆکایەتی ھەرێم دەبێت کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و زەمینە بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردن رێک بخرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت:” بەپێی یاسا پێویستە ھەڵبژاردن لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی پێش کۆتایی ھاتنی خولی ئێستای پەرلەمان بەڕێوە بچێت، ئەم خولەی پەرلەمان لە ڕۆژی ٦/١١ی ئەمساڵ کۆتایی دێت، واتە پێویستە لە نێوان ٦ی ئەیلوول تا ٦ی مانگی ١١ی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت”.
د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ھەولێر لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و راپرسی، بۆ “ھەولێر” گوتی:” بەپێی یاسای ھەڵبژاردن دەبێت ھەر چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت، ھەتا ئێستا لەرووی ھونەرییەوە ھیچ ئامادەکارییەک نەکراوە، لەبەر ئەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کاروبارەکان بەرێوەدەبات، ماوەی ئەوان بەسەر چووە و تا ئێستا ماوەکەیان بۆ نوێ نەکراوەتەوە، تا بزانین ھەر ئەوانە دەبن یان خەڵکێکی دیکە دەبن، ئەوەش لەلایەن پەرلەمانەوە دەکرێت، تا لایەنە سیاسییەکان لەسەری رێک نەکەون و پەرلەمان ئاگادار نەکەنەوە ناتوانێت لە خۆیەوە ئەو کارە بکات، بۆیە ھەموو ئەو کارانە پەیوەندی بە ئامادەکارییەوە ھەیە لەرووی ھونەرییەوە ئەوە پرسی سەرەکیە و ھەموو ئەوانە پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە ھەیە، ئەو ئەنجوومەنەش تا ئێستا کارا نییە بۆیە لەرووی ھونەرییەوە ئامادەکاری نەکراوە، بەڵام دوای دەرچوونی بڕیار لەلایەن سەرۆکی ھەرێم دەبێت پەرلەمان بە زووترین کات کار لەسەر ئەوە بکات کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکات بۆ رۆژی ھەڵبژاردن.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ھەولێر لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و راپرسی، گوتیشی:” ئێستا یاسای ھەڵبژاردن کارایە و ھیچ کێشەیەک نییە، راستە داواکاری ھەیە بۆ ھەموار کردنەوە، بەڵام ئەگەر کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە ھیچ بەربەستێک نابێت، چونکە یاساکە ھەیە و بە گوێرەی ئەو یاسایە دەتوانین ھەڵبژاردن بەڕێوەببەین، بە یەک بازنە بکرێت، کە لەم قۆناغەدا لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەوەی بابەتی فڕە بازنەیی دیار نییە تا ئێستا لەسەر چ بنەمایەک دەبێت، لەگەڵ ئەوەی ئامادەکاری زۆری دەوێت ئەوەش دەبێتە ھۆکاری دواخستنی ھەڵبژاردن، بۆیە پێموایە ھەڵبژاردن ھەر بە گوێرەی ئەو یاسایەی کە ھەیە دەکرێت و پێویستی بە ھەموار کردنەوە نابێت، ئەگەر کۆمیسیۆن لەو دوو مانگەدا کارا بکرێتەوە دەتوانین ھەڵبژاردن لەو کاتەدا ئەنجام بدەین کە دیاری کراوە، لەگەڵ ئەوەش ھەڵبژاردن پێویستی بە بوودجە ھەیە، ئەوەش لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە دابین دەکرێت”.

ھەواڵی زیاتر