پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

خوێندن بە زمانی كوردی لە پەرەسەندندایە

كارزان گلی – هه‌ولێر

خوێندن بە زمانی كوردی لە كەركووك، گرنگییەكی تایبەتی هەیە، بۆیە سەدان مامۆستای كوردی لەو شارەدا هەیە، كە مووچەكەیان لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانە. جگە لەوەی ئاستەنگی زۆر بۆ خوێندن بۆ زمانی كوردی دروست دەكرێت، بەڵام خوێندن بە كوردی لە پەرەسەندندایە.

سەباح شووكور، بەڕێوەبەری یەكێك لە قوتابخانەكانی كەركووكە، كە خوێندن تێیدا بە كوردییە و دەڵێت ”لە قوتابخانەكەماندا خوێندن بە كوردییە و گرنگییەكی زۆری پێ دەدرێت. ئێمە هانی دایك و باوكانی كورد دەدەین، كە منداڵەكانیان بخەنە بە خوێندن بە كوردی“.
سەباح، باس لەوە دەكات، كە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركووكەوە كێشەی زۆریان بۆ دروست دەكرێت، بەڵام ئەوان گوێی پێ نادەن و كۆڵ نادەن.
لەلای خۆیەوە، شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك، پێی وایە گەورەترین پاڵپشتی بۆ زمانی دایك لە شاری كەركووك، لەسەر دەستی خوێندنی كوردی بووە.
رەشید ئاماژەی دا، لەوەتی بەعس رووخاوە، ئاواتی دانیشتوانی كەركووك خوێندن بووە بەزمانی كوردی و ئەو ئاواتەش هاتووەتە دی.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە، لە مەندەلی بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەن خوێندن بە زمانی كوردی هەبێت و ئەمەش كوردەكانی لە مەندەلی تووڕە كردووە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێك لەو قوتابییانە لە زانكۆكاكاندا وەردەگرێت كە لە كەركووك خوێندنیان بە كوردی بووە، بۆیە ئەمە وای كردووە، هانی قوتابییە كوردەكان بدرێت، كە بە زمانی كوردی بخوێنن.
رەشید، باس لەوە دەكات، تەنیا لە كەركووك ٥٤٠ قوتابخانەی كوردیی لێ هەیە، ئەمەش كاریگەری باشی دەبێت لەسەر زمانی كوردی.
بەڵام بەشێك لەو دایك و باوكانەی كوردن و منداڵەكانیان بردوەتە بەر خوێندن بە زمانی عەرەبی، دەڵێن ئێمە حەزمان دەكرد منداڵەكانمان بە كوردی بخوێنن، بەڵام لە گەڕەكەكەماندا قوتابخانەی كوردی لێ نییە، چونكە بەشێكی زۆری دانیشتوانی گەڕەكەكەمان عەرەبن، بۆیە قوتابخانەی كوردی لێ نییە.
بەشێك لەو خێزانانە، چونكە داهاتیان كەمە، ناتوانن سەیارە بۆ منداڵەكانیان بگرن تا بینێرنە گەڕەكێ تر بۆ خوێندن.
یوسف مامەند، تەمەنی ١٥ ساڵانە و كوردە، دەڵێت لە گەڕەكەكەماندا، زۆربەی دانیشتوانەكەی عەرەبن، بۆیە قوتابخانەی كوردیی لێ نییە و بە ناچاری چوومەتە قوتابخانەی عەرەبی.
یوسف، داوا دەكات، حكوومەتی هەرێم پاڵپشتیی ئەو خێزانانە بكات، كە دەیانەوێت منداڵەكانیان بخەنە بەر خوێندنی كوردی و پارەی گرتنی سەیارەیان نییە.