هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

راگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان 

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان هاوکار و هاوئاهەنگ دەبن بۆ چارەسەرکردنی گرفتی یاسایی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی هاوبەش.  

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی شوباتی 2022، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند: “لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە هەموو گرفتەکان بە سازان چارەسەر دەکەین.”  هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسومێکی سەرۆکایەتی، 1ـی تشرینی یەکەمی 2022ـی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

  پێشەوا هەورامی لەوبارەوە گوتی: “پێشوازی لە مەرسومەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین و بۆ ئەو مەبەستە، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان هاوکار و هاوئاهەنگ دەبین بۆ چارەسەرکردنی گرفتی یاسایی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی هاوبەش.”  کەمکردنەوەی کورسی کۆتا بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووانی پێکهاتەکان و دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنە، دوو گرفتی سەرەکی نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستانن.

  یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ داوا دەکەن کوردستان بەسەر چوار بازنە دابەش بێت، ژمارەی کورسی کۆتا بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووانی پێکهاتەکان بێت، بەڵام پارتی ئەوە رەتدەکاتەوە.  

لەوبارەوە پێشەوا هەورامی باسی لەوە کرد: “لەگەڵ فراکسیۆنەکان رێککەوتوین هەموو کیشەکان بە سازان چارەسەر بکەین، بەڵام وادیارە کەمکردنەوەی کورسی کۆتا و دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار بازنە ئەو گرفتانە دەبن کە لە یەکترمان جیادەکەنەوە.”