ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی بۆ پرسی خۆپاڵاوتنی سەركۆمار بڕیار دەدات

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەم دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر دۆسیەی درێژکردنەوەی ماوەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەركۆماری کۆ ببێتەوە کە کە لایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەرچووبوو، لەو بارەیەوە بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات. دوو بڕیاری پێشووی دادگای باڵای فیدراڵی بە تەواوی سیاسی بووە و دیار نییە ئەمڕۆکەش هەمان سیاسەت درێژە پێ دەدات یان رێز لە یاسا و دەستوور دەگرێت.

دوای ئه‌وه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی، كاندیدبوونی هۆشیار زێباریی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ پۆستی سه‌ركۆماری په‌سند نه‌كرد، په‌رله‌مانی عێراق دووباره‌ ده‌رگای خۆپاڵاوتنی كرده‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن له‌ دژی ئه‌و هه‌نگاوه‌ سكاڵایان تۆمار كرد و گوتیان ناكرێ ماوه‌كه‌ درێژ بكرێته‌وه‌ و ئەوەی کراوە لە دەرەوەی یاسایە، سەرۆکایەتی پەرلەمانیش پێداگرە لەوەی دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی بەکار هێناوە.
دوای ئەوەی کاندیدبوونی هۆشیار زێباری رەت کرایەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی درێژکردنەوەی کاتی خۆپاڵاوتن کەسێکی تری بۆ ئەو پۆستە کاندید کرد کە کەسێکی لێهاتوو و ناسراوە و ئەگەر دادگای باڵای فیدراڵی هاوشێوەی دوو بڕیاری ئەمدواییانەی بڕیارەکەی بە سیاسی نەکات ئەوا دەبێت کاندیبوونی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پەسند بکرێت.
پرسی هه‌ڵبژاردنی سەركۆمار تووشی جۆرێك ته‌نگژه‌ی سیاسی بووه‌، چونكه‌ پۆسته‌كه‌ بۆ كورده‌ و تا ئێسته‌ پارتی و یه‌كێتی نه‌یانتوانیوه‌ له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش رێك بكه‌ون.
پێویستە بگوترێت هۆکاری هەرە سەرەکی ئەو کێشەیەی بۆ دەستنیشانکردنی پۆستی سەركۆمار دروست بووە پێوەندیی بەوەوە هەیە پۆستەکە مافی گەلی کوردە و یەکێتی و پارتییش نەیانتوانیوە لەسەر کاندیدکردنی کەسێک رێک بکەون.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێی وایە پۆستی سەركۆمار پشکی یەکێتییە و بە باڵای یەکێتی دورواوە لەکاتێکدا ئەو پۆستە کاتی خۆی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیجی و دابەشکردنی پۆستەکانی خولێکی دیاریکراو بە یەکێتی درا و لەسەر ناوی هیچ حزبێک تاپۆ نەکراوە.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێی وایە ئەو پۆستە مافێکە لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵی عێراقدا بە کورد دراوە و مەرج نییە حزبێک هەتاهەتایە ئەو پۆستەی بەدەستەوە بێت. لایەنە براوەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی کۆدەنگی رۆڵیان هەیە لە دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە و ئەگەر قەرار بێت ئەو حزبە پۆستەکە وەربگرێت کە زۆرترین کورسیی بەدەست هێناوە ئەوا دەبێ بۆ پارتی بێ کە هێندەی هەموو لایەنەکانی تری کوردستان خاوەن کورسی و پێگە و دەسەڵاتە، هەرچەندە پارتی لەو پرسەدا حسابی زۆری و کەمیی کورسیی نەکردووە و پێی وابووە دەبێ بە کۆدەنگیی لایەنە سیاسییەکان پۆستەکە دەستنیشان بکرێت.
لەبەرەبەری کۆبوونەوەی دادگای باڵای فیدراڵی جووڵە و دانوستانە سیاسییەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەستی پێ کردووەتەوە، چونکە ئەگەر دادگا پەسندی بکات ئەوا ئەو ئەگەرە زۆر بەهێزە رێبەر ئەحمەد ببێتە سەركۆماری عێراق و لە دوای هەڵبژاردنی ئەو پۆستەش قۆناغی راسپاردنی فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان لە لایەن سەرۆکی داهاتووی کۆمار دەست پێدەکات و هەوڵ بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەدرێت.
دوێنێ سێشەم موقتەدا سەدر جارێکی تر سەردانی بەغدای کردەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ چەند لایەنێکی سیاسی کۆ ببێتەوە و ناکۆکییەکانی نێوماڵی شیعەش کەم بکرێتەوە و بەشێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رازی بکات بێنە ناو هاوپەیمانیەتییەکەی.
جۆرە هاوپەیمانێتییەک لە نێوان لایەنەکانی سوننە، رەوتی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان پێک هاتووە کە هێشتا وەک رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە نەچووەتە سەر کاغەز و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی لێکگەیشیندایە.
هوشیار سیوەیلی بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ میدیاکان باسی لەوە کردووە کە ئەو رێککەوتنەی لە نێوان سووننە و رەوتی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە رێککەوتننامەی لێکگەیشتنە و لەسەر چەند پرسێکی گشتی رێک کەوتوون، بەڵام بەند و پلانەکانی حکوومەتی داهاتوو نەچوونەتە سەرکاغەز.
بۆ ئەوەی پەرلەمان کۆ ببێتەوە پێویستە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ئامادە ببن. ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ٣٢٩ کەسن و بەو پێیە دەبێت لانی کەم ٢٢٠ پەرلەمانتار هەبن تا بتوانن پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەركۆمار بەرێوە بەرن.
بەشێک لە میدیاکانی نزیکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئومێدی خۆیان لەسەرئەوە هەڵچنیوە لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی پرسی درێژکردنەوەی ماوەی خۆپاڵاوتن رەت بکرێتەوە و بەو هۆیەوە پارتی هیچ کاندیدێکی بەدەستەوە نەمێنێت و دواجار ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتی نێوان رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی سوننەکان کە بە سەروەری ناسراوە، ئەگەر ئەمەش روو بدات کۆکردنەوەی ٢٢٠ نوێنەر بۆ هەڵبژاردنی سەركۆمار کارێکی زەحمەت دەبێت.
تا ساتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە دیار نییە رەوتی سەدر توانیویەتی هیچ لایەنێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رازی بکات بێتە ناو هاوپەیمانییەکەی یان نا و پارتی دیموکراتی کوردستانیش چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەکات و لە هەر ئەگەرێک هەڵوێستی خۆی دەبێت.

ھەواڵی زیاتر