ساسان عەونی: سەرۆکی حکوومەت کەرتی پەروەردە و قوتابیانی خستووەتە پێشینەی بایەخەکانییەوە

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ٦٩یەمین ساڵیادی دامەزرانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا بەشداریی کرد و سڵاو و پیرۆزبایی سەرۆکی حکوومەتی بە کادیران و ئەندامانی ڕێکخراوەکە گەیاند.

ساسان عەونی، لە وتارێکدا کە بەو بۆنەیەوە پێشکەشی کرد، تیشکی خستە سەر مێژووی ڕێکخراوەکە و گوتی؛ بۆ من جێگای شانازییە کە پێشتر ئەندام و دواتر وەکوو سکرتێری ڕێکخراوە ڕەسەنەکەتان بووم و ئێستا کە ئێوە دەبینم هەمان گوڕوتینی ئەوکات وەردەگرم و سوورتر دەبین لە خزمەتکردنی میللەتەکەمان”.
گوتیشی؛ ڕاستە ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان بە تەمەن دێرینترینن، بەڵام بە کار و چالاکی و خەبات و بەردەوامی و نوێبوونەوەتان گەنجترین و پێشەنگن.”
هەر لە درێژەی وتەکانیدا لە بارەی ڕۆڵی یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە، ڕایگەیاند؛ سەرکردایەتی کردنی بزاڤ و هەڵسوکەوت لەگەڵ داخوازییەکانی توێژێکی هەستیار و بەجووڵە و پڕ وزە و هیوا و ئاوات و ئاسۆ ڕوونی وەکوو قوتابیان کەسانی شارەزا و ڕێکخراوی بەئەزموون و سەرکردایەتیی کارامەی دەوێت، کە بتوانێت ئەو هەموو دیدگا و خولیایە لەخۆ بگرێت و یەکیان بخات و بە ئاڕاستەی خزمەتی نیشتمان و بنیادنانی وڵات پێشڕەوییان بکات، ئەمە نەریتی بەردەوام و نەپساوەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانە، بۆیە سەرەڕای هەموو هەوراز و نشێوییەکان بەردەوام و لە مەیدانن و کار و بەرهەمتان دیارە و ڕووگەیەکی درەوشاوەن بۆ قوتابیانی کوردستان”.
ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش کرد کە بواری پەروردە و خوێندنی باڵا وەکو مەیدانی سەرەکیی کاری قوتابیان یەکێکە لە گرنگترینی ئەو سێکتەرانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی زۆری پێ دەدات و کاری بنیادنەرانەی تێدا دەکات، هەر لە مەنهەج و مێتۆدی خوێندن تا بینای باخچە و قوتابخانە و کۆلیژ و پەیمانگاکان و دابینکردنی مامۆستا و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستییان و چاپکردنی کتێب و دابینکردنی کەرەستەی فێربوون و کەرەستەی نێو تاقیگەکان کەش و ژیانی نێو بەشە ناوخۆییەکان و هەمووی ئەوانە لە ئەولەویەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە ئەجێندای کاری جەنابی سەرۆکی حکوومەتدا لە ڕیزبەندیی پێشەوەن.
هەر لەو بوارەدا باسی لەوەش کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەهەمیشەییکردنی ژمارەیەک مامۆستای گرێبەستی دا و بڕیاریش درا سێ یەکەمەکانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان دابمەزرێن کە ئەمە دەرفەت و هاندانێکی باشە بۆ قوتابیان.
نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە کە سەرەڕای قەیرانی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دیناری وەکوو پێشینەی مانگانە و چارەسەرکردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان تەرخان کرد.
گوتیشی، ئەمانە سەلیمێنەری ئەو ڕاستییەن کە جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەرتی پەروەردە و بایەخدان بە قوتابیانی خستووەتە پێشینەی بایەخەکانییەوە، هەوەک چۆنە لەناو ئەو دۆخە قەیراناوییەدا دەیان قوتابخانە و ناوەندی خوێندن دروست کراون و نۆژەن کراونەتەوە. هەروەها جەنانی سەرۆکی حکوومەت خۆی بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکاریی قوتابیانی هەموو قۆناغەکانی خوێندن دەکات و تاکو ئێستا چەندان دیداری ڕاستەوخۆی لەگەڵ قوتابیان کردووە.
گوتیشی، حکوومەت کار دەکات بۆ ئەوەی باڵانسی پسپۆڕیی خوێندنی قوتابیان و بڕوانامەکان لەگەڵ پێویستییەکانی بازاڕدا هاوسەنگ بێتو دەرفەتی کار دروست بکات، بۆیە بەردەوام پشتگیری لەو پرۆژانە دەکات کە دەستی کاری ناوخۆیی بەکار دەخەن و دەرفەتی کار بۆ دەرچوان دەڕەخسێنن.
ئاماژەی بە پشتیوانیی حکوومەت لە کەرتی تایبەت لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵادا کرد بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە لە ژمارەی وەرگرتنی قوتابیان کە کەرتی گشتی و ناوەندە حکوومییەکان ناتوانن لە خۆیانی بگرن، کە ئەوەش بە چاودێریی بەرزی زانستی و کارگێڕی دەکرێت.
گوتیشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە پەیوەندی لە نێوان دامودەزگا حکوومییەکان و وەزارەتەکان لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا ڕێک بخات بە مەبەستی تێهەڵکێشکردن و سوودوەرگرتنی دەزگا حکوومییەکان لە ڕاوێژە زانستییەکانی زانکۆکان.

ھەواڵی زیاتر