هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

داشکاندن لە قەرزەکانی هاووڵاتییان دەکرێت و بەشێوەی قیستیش وەردەگیرێنەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایەگیاند، ئەو کەسانەی بە نەقدی قەرزەکانیان دەدەنەوە داشکاندیان بۆ دەکرێت، ئەوانەشی بیانەوێت بە چەند جارێک قەرزەکان بدەنەوە دەتوانن بە قیست پارەکە بە حکومەت بدەنەوە. 

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە، بە رەچاوكردنی دۆخی دارایی و بە مەبەستی ئاسانكاری و بارسووككردنی هاووڵاتییان پاڵپشت بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار قەرزەكانی لە هەر سێ سێكتەرەكانی شارەوانی، ئاو، گەشتوگوزاردا دەكاتە قیست و ئەو هاووڵاتییانەیشی كە بە یەكجار قەرزەكانیان دەدەنەوە، بە داشكاندنی ڕێژەی 15% لە بڕیارەكە سوودمەند دەبن بە مەرجێك هاووڵاتییان لە ماوەی 90 رۆژدا دەست بە مامەڵەكانیان بكەن.

بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە واژووی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بەسەرەوەیە و ئاراستەی دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەت لە سەرجەم شار و شارۆچكە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كراوە، ئاماژە بەوە دراوە كە لەبەر بەرژوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بەمەبەستی بارسووككردنیان لە دانەوەی قەرزەكانیان بڕیارمانداوە بە قیستكردنی قەرزەكانی حكوومەت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار

وەك لە بڕیارەكەدا ئاماژەی پێدراوە، بڕی هەر قیستێك دەستنیشان بكرێت و هاووڵاتیش پابەندە مانگانە بە دانەوەی قیستەكەی كە دەتوانێت قەرزەكەی بۆ 12 مانگ بكاتە قیست.

هەروەها ئەو هاووڵاتییانەیشی دەیانەوێت قەرزەكانیان بە یەكجار و بەبێ قیست بدەنەوە، داشكاندنی رێژەی 15%یان بۆ دەكرێت، بەڵام ئەو هاووڵاتییانەی كە بە شێوەی قیست قەرزەكانیان دەدەنەوە داشكاندنی رێژەی 15% نایانگرێتەوە، بەڵكوو دەتوانن بەشێوەی قیست لە ماوەی 12 مانگدا قەرزەكانیان بۆ حكوومەت بگەڕێننەوە