سه‌رۆكی حكوومە‌تی هه‌رێمی كوردستان گەڕایەوە هه‌ولێر 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی شوبات، مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومە‌تی هه‌رێمی كوردستان، دوای سه‌ردانی بۆ وڵاتی قەتەر و بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا‌‌، گه‌یشته‌وه‌ هه‌ولێر.

سه‌رۆكی حكوومە‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ دەوحەی پایته‌ختی قەتەر، له‌گه‌ڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی  میری قەتەر و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە .

پاشان سەرۆکی حکوومەت، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، چەندین دیداری لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و توركيا و وڵاتانی عەرەبی هەبوو، لەوانە دیداری هاوبەشی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندی باڵای کۆنگرێسی ئەمەریکا،   هەروەها سەرۆکی حکوومەت، دیدار و کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، سەرۆک وەزیرانی لوبنان ، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودی ، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن ، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا، وەزیری بەرگری تورکیا، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا و چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دیکەی ئەنجامدا.

لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا، بارودۆخی گشتی و پرۆسەی سیاسیی لە عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە تاووتوێ کرا.

سەرۆکی حکوومەت لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، ئاماژەی بەوەدا کە لە دیدارەکانیدا، روانگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌ سه‌ر زۆربه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا روودە‌ده‌ن، خستووەتەڕوو، به‌تایبه‌تی ئه‌و بابه‌تانه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگن. دووپاتیشی کردەوە کە بە هەموو شێوەیەك، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین.

ھەواڵی زیاتر