سەرۆکی هەرێم له‌گه‌ڵ قوتابیان و لاوان كۆبووه‌وه‌‏

 ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/2/16 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى ‏دیموكراتى كوردستان، له‌ دوو دیدارى جیادا له‌گه‌ڵ سكرتاریه‌تى هه‌ریه‌كه‌ له‌ ‏ڕێكخراوى یه‌كێتیى قوتابیانى كوردستان و یه‌كێتیى لاوانى دیموكراتى كوردستان ‏كۆبووه‌وه‌ كه‌ هه‌ینیى داهاتوو، 18ى شوبات، شه‌ست و نۆیه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕى ‏دامه‌زراندنى خۆیان پیرۆز ده‌كه‌ن.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز خاتوو ئه‌ڤین هرۆرى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى و به‌رپرسى ‏ده‌سته‌ى ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رى و پیشه‌ییه‌كان و به‌ڕێز تاها به‌روارى، به‌ڕێوه‌به‌رى ‏نووسینگه‌ى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان ئاماده‌ى بوون، ‏به‌ڕێزان به‌رپرسى ‏ده‌سته و سکرتێرانی هه‌ردوو ڕێکخراوه‌که‌ پوخته‌یه‌كیان له‌ كار و چالاكییه‌كا‌ن و پلان و به‌رنامه‌ى كارى ‏داهاتوویان و دۆخى قوتابیان و لاوان به‌گشتى خسته‌‌ ڕوو.‏

به‌ڕێز جێگرى سه‌رۆك وێڕاى پیرۆزبایى به‌بۆنه‌ى یادى ساڵوه‌گه‌ڕى دامه‌زراندنى ‏یه‌كێتیى لاوانى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیى قوتابیانى كوردستانه‌وه‌، ئاماژه‌ى ‏به‌وه‌ كرد یه‌كێك له‌ خۆشترین وێسته‌گانى ژیانى، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بووه‌ كه‌ له‌ ‏ڕیزه‌كانى یه‌كێتیى قوتابیان و لاوانى دیموكراتى كوردستاندا خزمه‌تى كردووه‌.‏

به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ گرنگیى ڕۆڵى قوتابیان و لاوان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ‏كوردستاندا كرده‌وه‌ و هه‌ردوو ڕێكخراوه‌كه‌ى هان دا بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وڵ بده‌ن باشتر له‌ ‏كێشه‌ و داواكارى و خه‌ون و ڕوانینى قوتابیان و لاوانى كوردستان تێبگه‌ن و له‌ ‏ئاستى چاوه‌ڕوانییه‌كانى ئه‌واندا خزمه‌تیان بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو پشتگیرییه‌كى بۆ ‏ئه‌وان دووپات كرده‌وه‌.‏

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى به‌ ئاستى بیر و ڕۆشنبیریى لاوان ‏و قوتابیان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئاستى ڕۆشنبیرى و بیركردنه‌وه‌ و ڕوانینى ‏لاوانى كوردستان مایه‌ى شانازییه‌ و ده‌توانن خزمه‌تێكى باشترى ئێستا و داهاتووى ‏وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن، هه‌روه‌ها تێگه‌یشتن له‌ ڕووداو و پێشهاته‌كان و خۆگونجاندن ‏له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌ خێراكانى سه‌رده‌م و ته‌كنه‌لۆژیاى نوێى بۆ لاوان و قوتابیان به‌ ‏پێویستییه‌كى له‌پێشینه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا، بۆ ئه‌وه‌ى بتوان به‌ ڕۆڵى پێشه‌نگانه‌ى خۆیان ‏ببینن.‏

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز جێگرى سه‌رۆك تیشكى خسته‌ سه‌ر ‏گرنگیى ڕۆڵى هه‌ردوو ڕێكخراوه‌كه‌ و لاوان و قوتابیانى كوردستان به‌گشتى له‌ ‏قووڵكردنه‌وه‌ى ته‌بایى و پێكه‌وه‌ژیان و بڵاوكردنه‌وه‌ى كولتوورى هاریكارى و ‏ناتوندوتیژى و پاراستنى مافه‌كانى ئافره‌ت و یارمه‌تیدانى گه‌نجان بۆ دۆزینه‌وه‌ى ‏هه‌لى كار و خۆبنیانتان و ڕه‌خنه‌ و ڕه‌خنه‌له‌خۆگرتن و به‌شداریى كارایان له‌ ‏به‌ره‌وپێشبردنى كوردستاندا.‏

لاى خۆیانه‌وه‌ هه‌ردوو سكرتاریه‌تى یه‌كێتیى قوتابیانى كوردستان و یه‌كێتیى لاوانى ‏دیموكراتى كوردستان، وێڕاى خۆشحاڵى به‌م دیداره‌ى به‌ڕێز جێگرى سه‌رۆك، ‏سوپاس و پێزانینى خۆیان و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانیان بۆ به‌رده‌وامیى پشتگیریى ‏به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له‌ هه‌ردوو توێژى لاوان و قوتابیان ده‌ربڕى و جه‌ختیان ‏له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه به‌ جۆشه‌وه‌ له‌ خزمه‌تكردنى هه‌ردوو توێژه‌كه‌ و كوردستان به‌گشتى ‏به‌رده‌وام ده‌بن.‏