هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نێچیرڤان بارزانى: سه‌ركه‌وتن و پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان، ته‌نیا به‌ یه‌كڕیزى ده‌كرێت

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، تاكه‌ رێگه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی كورد و پارێزگاریكردن له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی، ته‌نها له‌ رێگه‌ی یه‌كڕیزییه‌وه‌ ده‌كرێت و گوتیشی: دەبێت یەك دەنگ بین بۆ دەستكەوتەكان نەك بۆ پۆست و پایە.. ئەو بیرۆكەی كە دەبێت دەستوور حەكەم بێت، تا ئێستا لە بەغدا جێگیر نەبووە، ئەگەر ئێمەش یەكڕیز نەبین ناتوانین دەستكەوتەكانی خۆمان بپارێزین.

ئه‌م گوتانه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌ میانه‌ی گوتارێكدا، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ رێوڕه‌سمی تێپه‌ڕبوونی یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی دكتۆر رۆژ نوری شاوه‌یس هاتوون و گوتی: ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین ئەو دەستكەوتانە بە یەكڕیزی بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین و خەباتی پێكەوەیی بكەین بۆ ئەو ئامانجانەی لە پێناویاندا زۆر قوربانیمان داوە چ یەكێتی و چ پارتی و چ لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان هەموومان بەیەكەوە.

ده‌قی گوتاره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

بنەماڵەی خوالێخۆشبوو كاكە د. ڕۆژ،

هەڤاڵان، هاوخەبات و هاوسەنگەرانی كاكە ڕۆژ،

هەموو لایەكتان بەخێر بێن بۆ ڕێوڕه‌سمى ساڵوەگەڕی كۆچی دواییی هەڤاڵ و تێكۆشەر و پێشمەرگە و خۆشەویستی هەموو لایەكمان، كاكە ڕۆژ.

ئەمڕۆ هەموومان لێرە كۆبووینەتەوە بۆ ڕێزگرتن و دەربڕینی وەفا و خۆشەویستی بۆ ئەو تێكۆشەرە، بۆ ئەو خەباتكارە كە بە خەباتی خۆی، بە دڵسۆزیی خۆی بۆ كوردستان، بۆ حزبەكەی، بۆ ڕێبازەكەی تا دوایین هەناسەی ژیانیشی لەسەرى بەردەوام بوو و وەفادار بوو بۆ ئەو خەباتە، بۆ ئەو ڕێبازە، بۆ كوردستان، بۆ كوردایەتی و بۆ حزبەكەی.

یادی ئەو خۆشەویستە هەمیشە دەمێنێتەوە، هەمیشە بە سەربەرزی یادی دەكەینەوە بۆ هەموو ئەو قەرەمانیه‌تی و خۆشەویستییەی لەناو دڵی پێشمەرگەی كوردستان، لەناو دڵی كوردستان و لەناو دڵی هەڤاڵانی خۆیدا هەیبوو. ئەمڕۆ یادی ئەو مامۆستایە گەورەیە دەكەینەوە.

من وەك شەخس شەرەفی ئەوەم هەبوو ماوەیەك لەگەڵ كاكە ڕۆژ وەك جێگری سەرۆك وەزیران لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارم كردووە، پێش ئەوەش ساڵانی دواى 1987 كاتێك كاكە ئیدریس ئەمری خوای كرد هەر لەو كاتەوە، بەیەكەوە بووین و لە هەموو قۆناغەكاندا كاكە ڕۆژ كەسێكی جددی بووە و هەمیشە هەوڵی داوە بە دڵسۆزی و وەفاداری بۆ وڵاتی خۆی و بۆ حزبەكەی خۆی كار بكات.

ئەگەر سەیری مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، دوای نسكۆی ساڵی 1975 و بەتایبەتی پێش كۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتی لە قۆناغێكی یەكجار زۆر سەختدا بوو، بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدرا پارتی گۆشەگیر ببێت، بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدرا و هەرچی پلان هەبوو دەگێڕدرا بۆ ئەوەی پارتی هەم لەڕووی سیاسییەوە، هەم لەڕووی سەربازییە و لە هەموو روویەكەوە گۆشەگیر بكرێت، به‌ڵام نه‌وه‌یه‌ك كۆڵى نه‌دا.

من بەو نەوەیە دەڵێم نەوەی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو نەوەیەی دوای نسكۆی ساڵی 1975 و بەتایبەتی دوای كۆنگرەی نۆیەم دەستیان بە خەبات كرد و نەوەستان تا ئەو كاتەی حزبەكەیان بە سەركەوتوویی هێنایەوە قۆناغی خەبات و تێكۆشان. ئاسان نەبوو، من ئەو كاتە بە تەمەن زۆر زۆر گەنج بووم، بەڵام دەمبینی.

هەندێك لەو هەڤاڵانە كۆچی دوایییان كردووە و یادیان بەخێر، هەروەها هەندێك لەو ئازیزانە، لەو تێكۆشەرانە، لەو خەباتكارانە كە پارتی پێی سەربەرزە، ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون، ئه‌وان جێگەی شانازیی بەندە و هەموو ئەندامانی ئەم حزبەن كە چۆن بە تێكۆشان، بە خۆماندووكردن، بە قۆناغی سەختی شاخ و دوای ئەوە لە قۆناغی دوای راپەڕین و هەتا ئەمڕۆش سەربەرزانە بە سەركەوتوویی سه‌ركردایه‌تیى حزبەكەیان كردووە و توانیان دەستكەوتی زۆر گەورە هەم بۆ گەلەكەیان، هەم بۆ پارتەكەیان و هەم بۆ كوردستان بەدەست بهێنن و هەموویان جێگەی شانازین.

یادی ئەو خۆشەویستانە بەخێر و هیوای تەمەندرێژی و سەركەوتن بۆ ئەو بەڕێز و خۆشەویستانە دەخوازم، كە ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون، بێ ئەوەی ناو بهێنم خۆیان لێرەن و تەشریفیان هێناوە. ئێمە شانازی بەو نەوەیه‌وە دەكەین كە لەو قۆناغە سەختانەدا ئاڵای خەبات و تێكۆشانانیان هەڵگرت و پارتییان بە سەربەرزی گەیاندە ئەمڕۆ.

ئەزموونی خۆم وەك شەخس لەگەڵ كاكە دكتۆر رۆژ كە جێگری سەرۆكی وەزیران بووم، دەتوانم لە چەند دێرێكدا بڵێم: كاكە رۆژ هەوڵی بەردەوامی ئەوە بوو، حكومەتێكی دامه‌زراوه‌یى لەم وڵاتەدا دروست بكات و بەردەوام تێكۆشانی بۆ ئەوە دەكرد، كە بناغەی حكومڕانییەكی دروست و دامه‌زراوه‌یى لەم وڵاتەدا دابمەزرێت.

لە دانوستانەكان دەمدیت ئەوەی كە تایبەت بوو لە كاكە رۆژ، ئەوە بوو كە لە هەموو دانوستانێك هەوڵی دەدا خاڵە هاوبەشه‌كان بدۆزێته‌وه‌، بۆ ئەوەی هەموو لایەنێك لە دانوستانەكان خۆیان بە براوە بزانن و ئەمە شتێكی زۆر تایبەت بوو.

خۆم شەخسی هەوڵم دەدا لە هەموو ئەو دانوستانانەی ئەنجام دەدرێن چ لە ناوەخۆ و چ لە دەرەوە و چ لەگەڵ بەغدا، هەمیشە هەوڵم دەدا كاكە رۆژم لەگەڵ بێت، چونكە كاكە رۆژ هەوڵی دەدا شتێك بدۆزێتەوە كە هەموو لایەك هەست بە سەركەوتن بكەن. زۆر پەرۆش و خەمخۆری یەكڕیزیی ناوماڵی كورد بوو.

بیرم دێ لە گەرمەی شەڕی ناوخۆ لەگەڵ خوالێخۆشبوو كاكە فەلەكەدین كاكه‌یى، ئه‌و كاته‌ بابەتێكیان نووسی و بۆ كۆتاییهێنان به‌ شەڕی ناوەخۆ، پێشنیازی ئەوەیان كرد، كە پارتی و یەكێتی دەبێت ببن بە یەك حزب، تا ئەو ڕاده‌یه‌ رۆیشت لە په‌رۆشی و خەمخۆریی خۆیەوە بۆ یەكڕیزیی كورد.

ئەو كاتە و ئێستاش مەرجی سەركەوتنی هەموومانە كە كورد دەبێت یەكڕیز بێت، دەبێت یەك دەنگ بێت بۆ دەستكەوتەكان نەك بۆ پۆست و پایە. دەبێت هەموومان بەیەكەوە بین چونكە باوەڕی ئەو بەڕێزە وابوو، كە قۆناغی زۆر سەختمان لە پێشە، باوەڕی وابوو كە تا ئێستا زۆر بەداخەوە بەغدا ئەو بیرۆكەی كە دەبێت دەستوور حەكەم بێت، تا ئێستا لە بەغدا جێگیر نەبووە، ئەگەر ئێمەش یەكڕیز نەبین بەداخەوە ناتوانین دەستكەوتەكانی خۆمان بپارێزین و پەرەی پێ بدەین.

ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین ئەو دەستكەوتانە بە یەكڕیزی بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین و خەباتی پێكەوەیی بكەین بۆ ئەو ئامانجانەی لە پێناویاندا زۆر قوربانیمان داوە چ یەكێتی و چ پارتی و چ لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان هەموومان بەیەكەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە، لە سایەی خەبات و تێكۆشەرانی وەك كاكە رۆژ و هەڤاڵانی دیكە و هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە كە خوێنی خۆیان بەخشی لەپێناو ئازادی و سەرفرازی و بەرگریكردن لە وڵاتەكەمان. پێویستە ئێمە لەسەر ئەو رێبازه‌ بەردەوام بین كە رێگەیەكی یەكجار دوورمان لەپێشە.

كاكە رۆژ فەرماندەیەكی پڕ بە مانای وشه‌ سەربازی بوو، داستانەكانی بەرگری و خۆڕاگری وەك كاكە فازل ئاماژەی پێدا، هەر لە بادینانەوە تا دەگاتە قەرەداغ و شوێنەكانی دیكەی كوردستان، شایەدی ئەوەن، كە كاكە رۆژ چەند سەركەوتوو بوو لە مەیدانی خەباتی سەربازیدا.

كاكە رۆژ خەڵكی شاری خۆشەویستی سلێمانی بوو، لە باوك و لە دایكەوە ماڵێكی تێكۆشەر بوون، كەسێكی خەڵكی سلێمانی مەجلیسخۆش بوو، لەگەڵ ئەوەشدا كەسێكی تا بڵێی كوردستانی و كوردپەروەر بوو، هەموو هەوڵێكی دەدا بۆ یەكڕیزی و تەباییی گەلی كوردستان.

كاتێك سەرۆكی پەرلەمان بوو، هەوڵی جددیی ئەوە بوو، ئەو یاسایانە تێپەڕێنێت كە كاریگەریی هەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان. ئەمانە هەموو ئەو یادەوەرییە خۆشانەن، ئەو شتانەن كە یادی كاكە رۆژ وەك تێكۆشەر و خەباتكارێك بە زیندوویی لای هەموو تێكۆشەر و خەباتكارێكی رێبواری ئەم كوردستانە دەمێنێتەوە، جا لە هەر لایەنێك بن.

دڵنیام لەوەی نەك تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان شانازی بەو رۆڵەیەوە دەكات، دڵنیام لەوەی لایەنەكانی دیكەش ئەو رێز و خۆشەویستییەیان بۆ كاكە رۆژ هەیە و دەمێنێتەوە. دەمبینی لە دانوستانەكانی خۆمان لەگەڵ برایانى یەكێتی، لەگەڵ لایەنەكانی دیكە چ رێزێكیان بۆی هەبوو.

لەم رۆژەدا دووبارە سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی كوردستان دادەنوێنین. سەری رێز بۆ خەبات و ماندوبوون و گیانی كاكە رۆژ دادەنوێنین، یادی ئەو بەڕێزە بەخێر بێت. ئه‌و هەمیشە بە تێكۆشان و خەبات و بە بەرخۆدانی، لە یاد و یادەوەریی هەموو تێكۆشەرێك و دڵسۆزانی ئەم كوردستانه‌دا دەمێنێتەوە، جەخت لەو رێبازە دەكەینەوە، كە كاكە رۆژ خەباتی بۆ كرد و بەردەوام دەبیت.

جه‌خت لەوە دەكەینەوە كە بە یەكڕیزی و بە یەكبوون و بەیەكەوە هەر هەموو لایەكمان دەبێت هەوڵ و تێكۆشانمان بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان سەرەڕای هەموو جیاوازییەك، سەرەڕای هەموو بۆچوونێك كە ره‌نگه‌ بۆچوونی جیاوازیشمان هەبێت، بەڵام مەرجی سەركەوتنمان و مەرجی تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەشمان تەنیا و تەنیا ئەوەیە یەكڕیز بین و بەیەكەوە بین. بە پێكەوەبوون زۆر دەستكەوتمان دەستدەكەوێت، بە ترازان و دووركەوتنەوە، دڵنیاتان دەكەمەوە هیچ لایەنێك لە كوردستان هیچ شتێكی دەستناكەوێت.

بە هیوای ئەوەی كە كوردستان هەر ئاوەدان بێت و پەنا بەخوا بەرەو باشتریش بڕوات و ئەم قۆناغە سەختەش تێپەڕێت.

ئێوەش هەر لە خۆشیدا بن، یادی كاكە ڕۆژیش بە خێر بۆ هەموو لایەكمان.

بەخێر بێن سەرچاو

زۆر سوپاس