سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزى به‌ریتانیا، دۆخى عیراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/2/15 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز مایك برایسۆن ڕیچاردسۆن، باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ عیراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراق، هه‌ڵبژاردن و ئاكامه‌كانى، دانیشتنى یه‌كه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق و هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان، هه‌نگاوه‌كانى دواى ئه‌وه‌ و گرنگیى پشتگیریى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ پرۆسه‌ى دیموكراسى له‌ عیراق، تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، دواى خستنه‌ڕووى پوخته‌یه‌ك ده‌رباره‌ى كۆى دۆخه‌كه‌، جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان پێویستییان به‌ ئارامى و سه‌قامگیرییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى‌ بتوانرێت به‌رنامه‌یه‌ك جێبه‌جێ بكرێت كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیى ته‌واوى پێكهاته‌كانى عیراقدا بێت.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا كرده‌وه‌ و لایه‌نى به‌ریتانى سوپاسى هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كرد بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا. هه‌روه‌ها باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و وڵاتانى دراوسێ كرا.

لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان بوو. تیایدا باس له‌ په‌یوه‌ندیى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان پایه‌نده‌ به‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتى خۆیدا بكرێن و ده‌ستووریش ده‌بێ كۆكه‌ره‌وه‌ و په‌سه‌ندى هه‌مووان بێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ به‌غداش هه‌ماهه‌نگى بكرێت