ئەمڕۆ وادەی پێشکەشکردنی سیڤی کاندیدانی پۆستی سەرۆكکۆماری عێراق کۆتایی دێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی شوباتی 2022، دوایین وادەیە بۆ ئەوەی کاندیدانی پۆستی سەرۆكکۆماری عێراق سیڤی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن.

بڕیاربوو، رۆژی حەوتی شوباتی 2022، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی رێژەی یاسایی ئامادەبووان بۆ دانیشتنەکە تەواونەبووە، دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا، ئەمەیش دوای ئەوەی رۆژی 31ی مانگی رابردوو ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناوی 25 کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكکۆماری عێراق کە پەسەندکرابوون، راگەیاندبوو.

ھاوکات رۆژی ھەشتی ئەم مانگە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرکۆمار راگەیاندبوو.

دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆكکۆماری عێراق، رۆژی نۆی ئەم مانگە کرابوویەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی رۆژانی ھەینی و شەممە پشووبوون، ئەمڕۆ وەک دوایین وادە دیاریی کراوە بۆ ئەوەی کاندیدانی پۆستی سەرکۆماری عێراق سیڤی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن.

تا ئێستا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی رانەگەیاندووە کە خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندید کردووە.

لە دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکە لە رۆژی نۆی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرکۆمار کردەوە.

بەپێی خاڵی/ب لە بڕگەی دووەم لە ماددەی 72ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، پێویستە لە ماوەی 30 رۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکۆمار لەلایەن ئەنجوومەنەوە دەنگی پێ بدرێت

ھەواڵی زیاتر