کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان تویتێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتی وڵاتان بڵاوکردەوە.
کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاویکردووەتەوە: “مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دیپلۆماتکارانی لە گشت روانگەکانی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارکردەوە”.
ئاماژە بەوەش دراوە: “ئەڵمانیا هاوبەشێکی پشتیوانکەرە لە زۆرێک لەو دەستپێشخەرییانەی حکوومەتی هەرێم، کە بەڕێزیان ئاماژەی پێدان”.
ئەمڕۆ شەممە 12/2/2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیبلۆماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە.