هۆشیار زێباری: بەربژێركردنم بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دوا بڕیارە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە 

ئەمڕۆ هەینی هۆشیاری زێباری بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا دووپاتی كردەوە بەربژێركردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دوابڕیارە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە.

زێباری ئەمشەو لە دیدارێكی كەناڵی “ئەلعێراقییە”ی فەرمیی دەوڵەتی فیدراڵیدا رایگەیاند كە هاوپه‌یمانییەتی پارتی له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌در و هاوپه‌یمانیی سیاده‌ به‌هێز و یه‌كگرتووه‌، گوتیشی دەستپێشخەرییەكەی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی لەسەر بنەمای پەیوەندیی پتەوی پارتی لەگەڵ ئەم دوو لایەنە هات.

هۆشیار زێباری گوتیشی هیچ نیازێك بۆ لێكترازاندنی ناوماڵی شیعه‌ له‌ ئارادا نییه‌ و سه‌باره‌ت به‌ دوایین سه‌ردانه‌كه‌شیان بۆ نه‌جه‌ف گوتی “دوایین سه‌ردانمان بۆ نه‌جه‌ف و دیدارمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز موقته‌دا سه‌در، ئه‌رێنی بوو”.

هەروەها گوتی “هەبوونی هه‌ر بۆشاییه‌كی حكومی یان ده‌ستووری، خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییەكانی ئێمه‌ ناكات و به‌خێرایی كار له‌ پێناو پێكهێنانی حكوومه‌تێك ده‌كه‌ین، كه‌ زۆرترین لایه‌نی نیشتیمانی تێیدا به‌شدار بن”.

هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سه‌رۆککۆماری عێراق گوتیشی “لێكتێگه‌یشتنی باشمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ كۆنترۆڵكردنی چه‌كی بێمۆڵه‌ت هه‌یه‌ و دیدگایه‌كیش بۆ یه‌كخستنی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان و به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له‌ ئارادایه‌ و هیچ نیازێكیش بۆ ده‌ستبردن بۆ حه‌شدی شه‌عبی له‌ئارادا نییه‌”.