یەکێتی ئەوروپا : هاوبەشی ئێمه‌و هەرێمی کوردستان هی ئێستا نیيەو مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە

ئەمڕۆ دادوەر عه‌بدولجه‌بار عه‌زیز حسن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە شاندێکی یەکێتی ئەوروپا بە سەرۆکایەتی ماری پارێت بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و نوێنەری وڵاتانی ئەڵمانیاو فەرەنساو هۆڵەنداو بولگاریاو یۆنان.
لە دانیشتنێکدا کە جێگری سەرۆک و ژمارەیەک ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم ئامادەی بوون، باسی دەسەڵاتی دادوەری و رۆڵی یاسا و دادگاکان لە هەرێمی کوردستان کرا.

دواترسەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری کورتەیەکی سەبارەت بە دەسەڵاتی دادوەری و پێکهاتەی ئەنجومەنی دادوەری بۆ شاندی مێوان باسکرد و گوتی: لەهەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە و شان بە شانی دەسەڵاتەکانی دیکە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان کار دەکەن و هەماهەنگی و هاوکارییەکی نزیک لەنێوانیاندا هەیە.

هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری ئاماژەی بە بارودۆخی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کرد و رایگەیاند: سەرەڕای ئاستەنگ و کێشەکانی وەک تیرۆر و هەڕەشە ناوخۆییەکان، بەڵام هەرێمی کوردستان رەوشێکی سەقامگیری هەیەو بۆتە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو لایەک و کلتوری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان کلتورێکی بەهێزەو ئەمەش لە تایبەتمەندییە جوانەکانی هەرێم و گەلی کودستانە کە دیمەنێکی جوانی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی جیاجیای لە هەرێمی کوردستان خولقاندووە.

هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری ئاماژەی بە کاروباری دادگاکان  و سەروەریی یاسا لە هەرێمی کوردستان دا کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، بەڵام قۆناغی باشی بڕیوەو لەو رووەشەوە ئاماژەی بە رۆڵی وڵاتانی ئەوروپی دا کە وەک دۆست و هاوبەشی گرنگیی هەرێمی کوردستان هاوکار بوونەو هەرێمی کوردستان سوودی لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەرگرتووە بۆ پیشخستنی بواری یاسایی و دادپەروەری و هیواشی خواست هەماهەنگی و هاوکاری نێوانیان بەردەوام بێت.
دواتر سەرۆکی شاندی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: هاوبەشی و شەریکایەتی نێوان وڵاتانی ئەوروپی و یەکێتی ئەوروپا وهەرێمی کوردستان هی ئێستا نیيەو مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە، بەتایبەت لە شەڕی دژی تیرۆر و بەرجەستەکردنی بنەماکانی دیموکراسی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و بۆ ئەوان هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی و جیاوازییەکی زۆری هەیە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دواتر دەرگای گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان نوێنەرانی ژمارەیەک وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و نوێنەرانی ئەنجومەنی دادوەری کرایەوەو لەسەر ژمارەیەک بابەت و پرسی یاسایی و کاری دادگاکان بیروڕا لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ کراو لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و ئەندامانی دادگای پێداچوونەوە وەڵامی پێویست و گونجاو درانەوە.