ئەشواق جاف : هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئیجابی بوو

ئەشواق جاف، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە دیدارێکدا لەگەڵ هەولێر دەڵێت، ئەگەر نێو ماڵی شیعە لەسەر پێکهێنانی حکوومەت رێک نەکەون، قۆناغی داهاتوو ئاسان نابێت. دەشڵێ، کێشەی ئێستای کورد لە عێراق جێبەجێنەکردنی بەندەکانی دەستوورە. پارتی بە هیچ شێوەیەک کارێکی وا ناکات کە پۆستیان هەر شێکی دیکە کاریگەریی هەبێت لەسەر یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد، چونکە پارتی باوەڕی بەوە هەیە کە دەبێت کورد بە یەکڕیزی بچێتە بەغدا و مافەکانی خەڵکی کوردستان بە دەست بهێنێت.

  • خوێندنەوەتان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان چییە؟
  • هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئیجابی بوو، بەڵام ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی کە دروست بوو، لەسەر بابەتی دەسنیشانکردنی گەورەترین کوتلە، ئەمە پێمان دەڵێ قۆناغی داهاتووی عێراق ئاسان نابێت، چونکە هەر حکوومەتێک پێک بێت بە تەنیا لە لایەنێکی شیعە ناتوانێت بەتەواوەتی ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە لە دوای 2003، حکوومەتەکان بە بەردەوامبوونی ململانێ لە نێوان هێزە سیاسییەکان و نەبوونی متمانە وای کردووە کە بەربەست لەبەردەم حکوومەت دروست بێت، بۆیە ئەگەر نێو ماڵی شیعە لەسەر پێکهێنانی حکوومەت رێک نەکەون قۆناغی داهاتوو ئاسان نابێت.
  • کەواتە ئایندەی عێراق بەرەو کوێ؟
  • بەو وێنەی کە بینیمان لەسەر گەورەترین کوتلە قۆناغێکی پڕکێشە، قووڵکردنەوەی ململانێ لە نێوان هێزە سیاسییەکان دروست دەبێت، ئیستقراری سیاسی لاواز دەبێت، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر ئیستقراری ئەمنی.
  • لەسەر گەورەترین کوتلە دادگا دەتوانێت چی بکات؟
  • دادگای ئیتحادی تەنها دەتوانێت رای خۆی بدات لەسەر گەورەترین کوتلە، ئەگەرنا ئەوەی دیکە پرۆسەکە بەشێوەیەکی گشتی بەپێی ماددەی 54 و 55ی دەستوور کراوە و شەفافە، بۆیە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کێشەی تێدا نییە.
  • بۆ لایەنە کوردستانییەکان چیت هەیە؟
  • حەزمان دەکرد هەموو لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە بەشدار بن لەو وەرەقە کارنامەی حکوومی کە پێشکەشی حکوومەتی عێراق دەکرێت، بەڵام بینیمان تەنیا پارتی و یەکێتی بەشدار بوون، کاتێک کە بەشدار دەبین لە حکوومەت بەرگری لە مافە دەستوورییەکان دەکەین کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەوەی رۆژییەکشەممە رووی دا رەنگە بۆچوونەکان دەربارەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە خیلاف لە نێوان ئەو دوو هێزە هەیە، چونکە گفتوگۆییەکان بەردەوامە، هەر دوو لا پابەند بوونی خۆیان دەربڕیوە بەوەی کەبەیەک وەرەقە بەشداریی حکوومەتی عێراقی بکەن، هەروەها سیناریۆی 2018 دووبارە نابێتەوە بە حوکمی ئەوەی کە بەیەک کاندید دەچن، بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان، بۆیە ئەوەی رووی دا رەنگە بۆچوونەکان لەسەر خاڵێک بێت، بەڵام لێدوانی توند لەلایەن هەندێک سیاسی لە دەرەوەی مەکتەبی سیاسیی ئەو دوو لایەنە لێدوانێکی توندە، لە جێگەی خۆی و لە بەرژەوەندیی کوردیش نییە، چونکە شاندەکە بەردەوامە لە گفتوگۆ.
  • کێشەی کورد لەگەڵ بەغدا پۆستەیان ئیستحقاقە؟
  • کێشەی ئێستای کورد لە عێراق کێشەی جێبەج نەکردنی بەندەکانی دەستوورە، ئەوەی پەیوەندی هەیە بە مافەکانی کوردەوە، کە لە ساڵانی رابردوو بە دەستوورێکی میزاجی سیاسیی تەفسیری بۆ کراوە، بۆیە کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا جێبەجێنەکردنی بەندەکانی دەستوورە، پارتی بە هیچ شێوەیەک کارێکی وا ناکات کە پۆستیان هەر شێکی دیکە کاریگەریی هەبێت لەسەر یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد، چونکە پارتی باوەڕی بەوە هەیە کە دەبێت کورد بە یەک دەنگ و یەک ڕیز بچێتە ئەو دیوی حەمرینەوە و مافەکانی خەڵکی کوردستان بە دەست بهێنێت، ئەمە ئەولەویەتی پارتی دەبێت، بۆیە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەڕ لە گفتوگۆکان، بۆ ئەوەی کورد یەکدەنگ و یەکڕیز بێت لە بەغدا”.
ھەواڵی زیاتر