ساریت زەهاڤی *
ئیدارەی بایدن ڕایگەیاندووە، ئەرکی هێزی شەڕکەریان لە عێراق کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەمریکا سەربازی لە عێراق دەمێنێتەوە و وڵاتەکە بەجێ ناهێڵێت. لەمەودوا سەربازانی ئەمریکا ئەرکی هاوکاریی هەواڵگری، زانیاری و مەشق و ڕاوێژ دەدەنە هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە.
زیاتر لە ١٠ ساڵە، ئەمریکا دەیەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچێتە دەرەوە، ئەو هەوڵە لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستی پێ کرد کاتێک باراک ئۆباما سەرۆکی ئەوكاتی ئەمریکا بڕیاری دا ٢٠٠ هەزار سەربازی لە عێراق بکشێنێتەوە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش بەشێکی هێزەکانی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی سووریا کشاندەوە. جۆ بایدنیش لە ماوەی چەند هەفتە و مانگی ڕابردوودا هەوڵی داوە ئەرکی هێزەکانی لە عێراق بگۆڕێت، لەگەڵ بەردەوامی هەوڵی تێکشکاندنی داعش و پاشماوەی قاعیدە لە ناوچەکەدا .
هیچ گومانێک لەوەدا نییە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیی كۆتایی بە دەسەڵاتی داعش واتە ئیمارەتە ئیسلامییەكەی عێراق و شام بێنێ. ئەوە بۆ دۆخی ئێستاش ڕاستە، لەکاتێکدا شانەکانی داعش ناوە ناوە هێرش دەکەن لە عێراق و سووریا و تەنانەت جیهانیش، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئاخۆ هەڕەشە و مەترسی سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی هاتووە؟ ئایا توانراوە دیاردەی تووندڕەوی لە ناوچەکە تێپەڕێنرێت، دەتوانین کۆمەڵگەی گەشاوە و سەرکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکەین؟ لەسەر کاغەز هەموو شت بە ئاراستەی دروستدا دەڕوات، لەکاتێكدا هەڵبژاردن لە عێراق و سووریاش بەڕێوە چوو، لە هەموو ئەو بابەتانەی لە میدیای ئەمریکا خوێندوومەتەوە هیچ باسی دەستوەردانی ئێران لە عێراق نەکراوە وەکو مەترسییەک کە دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە، تەنانەت ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیش بڕیاری گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی وەکو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گوشاری گرووپە چەکدارەکان لێک دایەوە، بەڵام من دوودڵم چۆن ئەو گوشارە کەم دەکرێتەوە! بۆچی ئەمریکا ناچێت شکست بە هەوڵ و لاوازکردنی دەوڵەتانی ناوچەکە بێنێت لەلایەن ئێران لەوانە عێراق، لوبنان، سووریا، زیاتر نیگەرانییەکە لەسەر شەڕی داعشە، بۆچی دۆخەکە وا لێک دراوەتەوە کە پەلهاوێژی پەرگیڕەکان مەترسیدارترە لە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان؟ لەحاڵێكدا هەردووکیان ئایدۆلۆژیای تووندڕەویان هەیە و موسڵمانانی جیهان ڕەتیان دەکەنەوە و بە تەواوی دژی بەهاکانی ڕۆژهەڵاتن و، بەرپرسیشن لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ناسەقامگیرکردنی وڵاتان دەدەن کە تێیدا هەژموونیان هەیە.
لە عێراق چی ڕوودەدات؟
لە کرداردا گۆڕینی ئەرکی هێزی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق هیچ جیاوازییەک دروست ناکات، لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا تەنیا ٢٥٠٠ سەرباز بووە، دیاریش نییە چەندیان بۆ ئەرکە نوێیەکەیان دەمێننەوە کە پێدانی زانیاریی هەواڵگری و ڕاوێژکارییە .
لە ڕووی سیمبولی و سایکۆلۆژیشەوە، پەیامی گرووپە چەکدارەکان ڕوونە، کلیلەکەش لە دەستی حكوومەتی عێراق و بەختێكی باش بۆیان لەو پرسەدا، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی عێراق سەرەڕای نییەتپاکیی بەشێکی ئەندامانی و خەڵكی عێراقیش، نەیتوانیوە دەستوەردانی ئێران لە کاروبارەکانی کۆتایی پێ بێنێت، تەنیا لە دوو ڕۆژدا ٤ درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی فڕۆکەخانەی بەغدا و بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کراون، حەشدی شەعبی هەندێک گرووپی تێدایە کە هەوڵی لاوازکردنی حكوومەت دەدەن و بوونەتە داردەستی وڵاتان. پێش چەند ڕۆژێک بابەتێکی واشنتۆن پۆست بە قسەی بەرپرسێکی حیزبوڵڵا لە عێراق کۆتایی هات کە گوتبووی، مقاوەمەمان بەرامبەر ئەمریکا بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو سەربازانی ئەمریکا دەکشێنەوە، بۆیە هەواڵی ناخۆش ئەوەیە گرووپە چەکدارەکان بەنیازن بەردەوام بن لەو هێرشەکانی دەیکەنە سەر ئەمریکا و دۆستانی لە عێراق، ئەوەشی روو دەدات پێکدادانی ئایدۆلۆژییە. من خۆم لەوە تێ دەگەم پێویستە سەربازانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچنە دەرەوە، سەربازی زۆر کوژران، بەڵام گرنگ ئەوەمان لەبیر بێت ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات هەر لەو ناوچەیە نامێنێتەوە، جگە لەوەش سیاسەتی ئێستای ئەمریکا بەو توندییە نییە کە ڕێگری لە دەستوەردان لە کاروباری عێراق، لوبنان، سووریاش بکات لەلایەن هەندێک وڵاتەوە.
پوختەی باسەکە ئەوەیە گرنگ نییە ئەمریکا دەیکاتیان نا، دەمێنێتەوەیان نا، گرنگ ئەوەیە پەیامی سایکۆلۆژی و کرداری هەیە لە سەرکردە تووندڕەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لە کابول، لە ئێران، ئایا ئەمریکا ڕێگە دەگرێت لەوەی هاوپەیمانانی زیانیان پێ نەگات، ئەمریکا پشتیان تێ ناکات و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی دەکات لە ناوچەکەدا، ئەو پەیامە بەهێزە دەبێت بگوترێت بە ڕوونی و بە باوەڕەوە لە هەموو ئیدارەکاندا، پێویستە بگوترێت شوێنپێمان دەبێت و جێگیری دەکەین لە ناوچەکەدا .
سەرچاوە: ئۆرشەلیم پۆست
*نووسەر فەرماندەیەکی خانەنشینی سەربازییە، دامەزرێنەری ناوەندی ئەلمایە بۆ لێکۆڵینەوە و پەروەردە