ھۆشیار زێباری دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە زامنکردنی مافەکانی ھەرێم

ھۆشیار زێباری، ئەزموونێکی گەورەی دیپلۆماسی و توانایەکی بەھێزی ھەیە، لە کابینەکانی پێشووتری حکوومەتی عێراق پۆستی ھەبووە و توانیویەتی خزمەت بکات، جگە لەوەش پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی سوننە و شیعەش ھەیە. بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، پارتی پۆستی سەرکۆمار بەھێز دەکات، یەکەم کاری ھۆشیار زێباری وەک سەرکۆماری عێراق پێویستە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بێت، جگە لەوەی ڕۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە زامنکردنی مافەکانی ھەرێم.

ھۆشیار زێباری، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بەھێزترین کاندیدە بۆ پۆستی سەرکۆمار ، کە بڕیارە ھەڵبژاردنەکە لە ٧ی مانگی داھاتوو بكرێت، توانیویەتی تا ئێستا زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی مسۆگەر بکات، بەمەش دەکاتە زیاتر لە نیوەی کۆی پەرلەمانتاران.
رێکار مەلا حەسەن، چاودێری سیاسی و ماستەر لە زانستە سیاسییەکان، بۆ ھەولێر دەڵێت، ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان لەناو عێراق خاوەن دۆزێکی تایبەت بە خۆمانین، ئەو دۆزەش بە دوو قۆناغیدا تێپەڕیوە، دۆزی پێش ٢٠٠٣، دۆزێکی نەھامەتی بووە، بەڵام ئێستا ناکۆکییەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا ناکۆکی دەستوورینە، بەپێییاساش سەرکۆمار پارێزەری دەستوورە، لە دوای ٢٠٠٥ تا ئێستا حکوومەتەیەک لە دوا یەکەکانی عێراق نەیان توانیوە دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکەن، سەرکۆمار دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لەسەر ھەموو ئەو ھێز و لایەنانەی کە توانایان ھەیە بۆ ئەوەی دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکەن، بۆیە لە ڕێگەی سەرکۆمار ەوە دەتوانین پارێزگاری لە مافەکانی خۆمان بکەین و مافی زیاتریش بە دەست بھێنین کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە حوکمی ئەو عەقڵیەتە سیاسییەی کە لە بەغدا حوکمی کردووە زەوت کراوە بتوانێت بگەڕێنێتەوە و پارێزگاری لێ بکات.
دیار مەلا خدر، چاودێری سیاسی، بۆ ھەولێ، گوتی:”خەڵکی کوردستان پۆستی سەرکۆمار بە نوێنەرایەتی خۆی دەزانێت، پۆست ی سەرکۆمار لە دوای ٢٠٠٣ پشکی کورد بووە، نوێنەرایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکات، تا ئێستا ئەو پۆستە ئیستغلال نەکراوە بۆ بەرژەوەندی کورد، ئێستا خەڵک چاویان لەوەیە ھۆشیار زێباری، سەرکۆمار داھاتووی عێراق، کاری لە پێشینە و یەکەمینی جێبەجێکردنی دەستوور بێت، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بکات، بۆ ئەوەی ھەر سێ قۆناغەکە بکەونە واری جێبەجێ کردن، کە خۆی دەبینێتەوە لە ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە، سەرژمێری و ڕاپرسی، کە ئەوە بە نسبەت ھەرێمی کوردستانەوە ئەولەویەتە، لەبەر ئەوەی دۆخی ئەو ناوچانە ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت، بەتایبەتی پاش ١٦ی ئۆکتۆبەر.
کەریم کاوە ڕایەتی، چاودێری سیاسی، بۆ هەولێر، گوتی؛ سەرکۆمار پۆستێکی گرنگە لە نێو هەیکەڵی دەوڵەتدا و چەندین دەسەڵاتی جیاوازی هەیە، کە دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت بۆ بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستان، وەک دەزانین لە خولەکانی ڕابردوودا پۆستی سەرکۆمار پشکی کورد بووە بە پێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و هەروها وەک عورفێکی سیاسی لێ هاتووە کە ئەم پۆستە هی کوردە، و بەپێی ڕێکەوتنی دوای هەڵبژاردن لە نێو کورد دراوە بە یەکێتی، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لە چوار خولی ڕابردوودا سەرکۆمار نەیتوانیوە هیچ هەڵوێست و بڕیار و دەستکەوتێکی بۆ بەرژەوەندی کورد هەبووبێت و یاخود ڕێگری لە بڕیارێکی دژ بە کوردستان کردبێت، کە دەسەڵاتیشی هەبووبێت، چونکە زۆر جار دەستووری پێشێل كراوە، بەتایبەتی مافە دەستوورییەكانی هەرێم، بەڵام سەرکۆمار لێی بێدەنگ بووە، لە کاتێک سەرکۆمار پارێزەری دەستوورە.
ئەو چاودێرە سیاسیە ئەوەشی گوت؛ گرنگترین شت جەخت کردنە لە جێبەجێ کردنی ماددە دەستووریەکان، وەک لە دەستووردا هاتووە سەرکۆمار مافی گەڕاندنەوەی ئەو یاسایانەی هەیە کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەریاندەکات بۆ ئەوەی دووبارە پێداچوونەوەی پێدا بکەن، لەم حاڵەتدا سەرکۆمار دەتوانێت ڕۆڵێکی کارای هەبێت.
د. مەھدی عیسمەت، -، بۆ ھەولێر گوتی:” سەرکۆماری عێراق وەک پۆست و لایەنەیاسایی و دەستووری سەنگەکەی دەبێت کەسێک سەرکۆمار بێت کە کەسایەتییەکی کارێزمایی ھەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت پۆستەکە بەکاربھێنێت لە خزمەت خەڵکدا، لە ماوەی ڕابردوودا ئەو پۆستە باش بەکار نەھاتووە، کەسایەتی ھۆشیار زێباری لەگەڵ پاشخانەکەی دەرخەری ئەو ڕاستییە کە بوونی ئەو کەسایەتییە کاریگەری بۆ کورد زۆر دەبێت، بەھۆی ئەوەی ھۆشیار زێباری بەر لە پرۆسەی ئازادیی عێراقیش قۆناغەکانی شۆڕشگێری یەکێک بووە لە کەسایەتییە شۆڕشگێڕ و ئەکادیمیە دەرکەوتووەکان لە خەباتی گەلی کوردستاندا، یەکێک بووە لەو کەسانەی لەرووی دیپلۆماسی و سیاسی جێپەنجەی دیار بووە لە قۆناغی ئازادکردنی عێراقدا بەھەمان شێوە، لە دوای ئازادکردنی عێراق و کابینەکانی حکوومەتی عێراق ڕۆڵێ تایبەت و کاریگەریی خۆی ھەبووە و خزمەتی جەماوەری کردووە، بۆیە بە بوونی ھۆشیار زێباری بە سەرکۆمار عێراق ئەو پۆستە دووبارە ڕۆڵ و کاریگەریی بۆ ئەو پۆستە دەگەڕێتەوە.

ھەواڵی زیاتر