هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئیدریس بارزانی ئه‌ندازیاری ئاشته‌وایی و هه‌ڵسانه‌وه‌ی شۆڕش

35 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، ئه‌ندازیاری ئاشته‌وایی تێپه‌ڕ ده‌بێت، کاتێك پەڕەکانی مێژوو هەڵدەدرێنەوە و قسە لەبارەی کەسە کاریگەر و خاوەن کەسایەتی بەهێزی مێژووی کورد دەکرێت، لە یەکێك لەو پەڕانە ناوی ئیدریس بارزانی دەبیندرێت، هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ره‌كانی، ئیدریس بارزانی بە ئەندازیاری هەوڵەکانی یەکڕیزی گەلی کوردی ناوده‌به‌ن، بەو پێیەی کاری بۆ یەکخستنه‌وه‌ی ناوماڵی کورد و قبووڵنەکردنی ملکەچی کردووە، هاوشێوەی ئێستا کە یەکڕیزی بە بنەمای گەیشتن بە ئامانجەکان دادەنرێت.

ئيدريس بارزانى له‌ مانگى ئازارى 1944 له‌ ناوچه‌ى بارزان و له‌ ئامێزى خێزانێكدا له‌دايكبوو، كه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌ مێژووييه‌كانى كوردستان ئاماژه‌يان پێكردووه‌، “هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بيسته‌مه‌وه‌ ببووه‌ ماڵى گه‌وره‌ى كوردايه‌تى و سيمبوڵى نه‌ته‌وه‌يى و رووگه‌ى تێكۆشه‌رانى كورد”.

ئيدريس بارزانى ته‌مه‌نى گه‌يشته‌ دوو ساڵ، مسته‌فا بارزانى باوكى، روويكرده‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و به‌ مه‌به‌ستى پشتيوانيكردن له‌ جوڵانه‌وه‌ى كورد و كۆمارى كوردستان له‌ مهاباد ده‌ستی به‌ خه‌بات كرد.

دواى پيلانگێڕى دژى كۆمارى كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌رته‌شى شاى ئێران بۆ كۆمارى كوردستان، مسته‌فا بارزانى و ده‌يان پێشمه‌رگه‌ى كوردستان روويانكرده‌ يه‌كێتى سۆڤيه‌تى جاران.

خێزان و ژن و منداڵه‌كانيش به‌ ياوه‌رى شێخ ئه‌حمه‌دى بارزانى براى گه‌وره‌ى مسته‌فا بارزانى له‌ پێناو پاراستنى گيانى منداڵ و ژنانى كورد، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق و ئيدريس بارزانيش كه‌ ئه‌و كات ته‌مه‌نى 3 ساڵ بوو، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ي گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ عێراق و له‌ لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتى پادشايى عێراقه‌وه‌ بۆ شاره‌كانى باشوورى وڵات راگوێزران.

له‌ ته‌مه‌نى شه‌ش ساڵيدا ئيدريس بارزانى له‌ شارى كه‌ربه‌لا چووه‌ به‌ر خوێندن و تا رووخانى ده‌سه‌ڵاتى پادشايى له‌ عێراق و هاتنه‌سه‌ركارى كۆماری به‌ رێبه‌رايه‌تى عه‌بدولكه‌ريم قاسم له‌ 1958، ئيدريس بارزانى له‌ ديدارى باوكى بێبه‌ش بوو، به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا مسته‌فا بارزانى و ياوه‌رانى له‌ سۆڤيه‌ت گه‌ڕانه‌وه‌ و دواى دابڕانێكى زۆر، ماڵباته‌كه‌يان به‌يه‌ك شادبوونه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى ئه‌ده‌بياتى پارتى ديموكراتى كوردستان، دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى مسته‌فا بارزانى له‌ يه‌كێتى سۆڤيه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى ئه‌يلوول له‌ 1961دا، ئيدريس بارزانى له‌ ده‌سته‌ يه‌كه‌مه‌كانى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ بوو، كه‌ په‌يوه‌نديان به‌ ريزى شۆڕشه‌وه‌ كرد و چه‌كى تێكۆشانى هەڵگرت و شانبه‌شانى پێشمه‌رگه‌ به‌شدارىی له‌ داستان و سه‌ركه‌وتنه‌كانى شۆڕشدا كرد.

دواى 9 ساڵ پێشمه‌رگايه‌تى و به‌شدارى له‌ شۆڕشى ئه‌يلوولدا، له‌ مانگى حوزه‌يرانى 1970 له‌ كۆنگره‌ى هه‌شته‌مى پارتى ديموكراتى كوردستان، كه‌ له‌ ناوچه‌ى ناوپردانى ناحيه‌ى گه‌ڵاڵه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی ئه‌نجامدرا، بۆ يه‌كه‌مجار ئيدريس بارزانى كرايه‌ ئه‌ندامى كۆميته‌ى ناوه‌ندى پارتى ديموكراتى كوردستان.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌ى ئاشتى و دانووستان له‌ نێوان شۆڕش و ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا، ئيدريس بارزانى به‌ ياوه‌رى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانىی براى، له‌ ده‌سته‌ى شاندى دانووستانى شۆڕش بوون، كه‌ هه‌ريه‌ك له‌ شه‌هيدان ساڵح يوسفى، دارا تۆفيق، سامى عه‌بدولڕه‌حمان، نافز جه‌لال و مه‌حمود عوسمان بوون، له‌ به‌غدا كه‌وتنه‌ شه‌ڕى سياسى و ديپلۆماسى بۆ به‌ده‌ستهێنانى زۆرترين ماف و داخوازى شۆڕش، سه‌ره‌نجام به‌ سه‌رپه‌رشتى مسته‌فا بارزانى مافى ئۆتۆنۆمى بۆ كوردستانى عێراق به‌ده‌ستهات و رێككه‌وتنه‌كه‌ چوار ساڵى پڕ له‌ خۆشى و بووژاندنه‌وه‌ى له‌ عێراق هێنايه‌ دى، تا سه‌ره‌نجام ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌عس له‌ به‌غدا كه‌وتنه‌وه‌ دژايه‌تى كورد و سه‌ركردايه‌تييه‌كه‌ى، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێككه‌وتنى جه‌زائيريان له‌گه‌ڵ شاى ئێران، محه‌ممه‌د ره‌زا شاى په‌هله‌وى واژوو كرد و شۆڕشى كوردیيان تووشى نسكۆ كرد.

به‌هۆى نسكۆى شۆڕشه‌وه‌، ئيدريس بارزانى به‌ ياوه‌رى كه‌سوكار و ماڵبات و به‌شێك له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ئاواره‌ى ئێران بوون.

هه‌ر به‌ گوێره‌ى ئه‌ده‌بياتى پارتى ديموكراتى كوردستان، له‌ سه‌روبه‌ندى نسكۆى شۆڕشدا ئيدريس بارزانى به‌ ياوه‌رى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، هه‌ر زوو هه‌وڵه‌كانى خسته‌وه‌گه‌ڕ بۆ بنياتنانه‌وه‌ى ژێرخانى رێكخستنى پارتى ديموكراتى كوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و ده‌ستى به‌ چالاكى كرده‌وه‌.

له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رييه‌، له‌ كۆتايى 1986دا بناغه‌ى به‌ره‌ى كوردستانى دانرا و له‌ مانگى حوزه‌يرانى 1988دا وه‌ك هێزێكى نوێ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سياسىی كوردستان به‌ره‌ى كوردستانى راگه‌يه‌ندرا.

ئيدريس بارزانى له‌ مێژووى بزاڤى رزگاريخوازى نه‌ته‌وه‌ييدا، به‌ ئه‌ندازيارى ئاشته‌وايى نيشتمانى ناوده‌برێت، هاوكات له‌ گۆڕه‌پانى سياسى عێراقيدا و له‌ ناو به‌رهه‌ڵستكارانى عێراقدا، به‌ كه‌سايه‌تييه‌كى ديار و كاريگه‌ر هه‌ژمار ده‌كرا، له‌ كۆنگره‌ى به‌رهه‌ڵستكارانى عێراقىش، كه‌ له‌ تاران سازكرا، بانگه‌وازیی بۆ يه‌كخستنى تواناى به‌رهه‌ڵستكاران بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى رژێمى به‌عس خسته‌ڕوو.

له‌ ئاستى ديپلۆماسيدا، ئيدريس بارزانى ئه‌زموونێكى ناوازه‌ى هه‌بوو، به‌ تايبه‌تى له‌ بوارى به‌ديهێنانى ئاشته‌وايى نيشتيمانى و يه‌كخستنى گوتارى پارت و لايه‌نه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى عێراق.

له‌ 31ـى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 1987، ئيدريس بارزانى به‌ هۆى نه‌خۆشييه‌كى كتوپڕه‌وه‌ كۆچى دواييكرد و به‌ له‌ده‌ستدانيشى جووڵانه‌وه‌ى سياسى و خه‌باتى رزگاريخوازى كوردستان، كه‌سايه‌تييه‌كى كاريگه‌ر و سه‌ركرده‌يه‌كى ديار و به‌ ئه‌زموون و يه‌كێك له‌ سه‌رخه‌رانى پرۆژه‌ى ئاشته‌وايى و به‌يه‌كه‌وه‌ژيان و يه‌كخستنى تواناكانى له‌ده‌ستدا و له‌ شارۆچكه‌ى سلیڤاناى سه‌ر به‌ پارێزگاى ورمێى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان به‌خاكسپێردرا.

دواى راپه‌ڕينى ئازارى 1991 و رزگاركردنى به‌شێكى زۆرى خاكى كوردستان، له‌ 6ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 1993 ته‌رمى هه‌ريه‌ك له‌ مسته‌فا بارزانى، رابه‌رى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌يى و شۆڕشى ئه‌يلوول و ئيدريس بارزانى، سه‌ركرده‌ى ديارى بزووتنه‌وه‌ى رزگاريخوازى كوردستان له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه‌ به‌ مه‌راسيمى جه‌ماوه‌رى به‌رفراوان هێنرانه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ شوێنى له‌دايكبوونيان و له‌ ناوچه‌ى بارزان ئه‌سپه‌رده‌ى خاك كرانه‌وه‌.

ئيدريس بارزانى له‌ ديدارێكى ته‌له‌ڤزيۆنيدا باسى هه‌وڵى تيرۆكردنى له‌ لايه‌ن رژێمى به‌عسه‌وه‌ ده‌كات، هاوكات له‌ باره‌ى ره‌وشى ئابوورى و سياسى كوردستانه‌وه‌ بۆ ميدياى بيانى روونكردنه‌وه‌ى پێويست ده‌خاته‌ڕوو.

له‌ باره‌ى كێشه‌كانى نێوان شۆڕش و ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراقه‌وه‌ رايگه‌یاند، له‌ به‌ياننامه‌ى ئازاردا تا ئێستا سنوورى كوردستان دياری نه‌كراوه‌ و سه‌رژمێرى ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و شێوازى حوكمى زاتى روون نه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش داواكارى شۆڕشه‌ و هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراون.