هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هێمن هه‌ورامی: پێویسته‌ هه‌ڵبژاردنی كوردستان له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت

هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ به‌رواری 6 / 11 / 2022 خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كۆتایی پێ دێت، ده‌بێت تا رۆژێك به‌ر له‌م به‌رواره‌، هه‌ڵبژاردن كرابێت، ئه‌ندامانی خولی شه‌شه‌م ئاماده‌ی دانیشتن ببن.

هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ ئیڤێنتی پلاتفۆڕمی كوردستان بۆ پرسه‌ نیشتمانییه‌كاندا رایگه‌یاند، هه‌میشه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا بۆ كاتبه‌ندییه‌ ده‌ستوورییه‌كان رژدین، پێویسته‌ پڕۆسه‌ی دیموكراتی و بابه‌ته‌كانی دیكه‌، ئاماده‌كاریان بۆ بكرێت.

هه‌ورامی راشیگه‌یاند، ئێمه‌ به‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستانمان گوتووه‌، له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تییه‌كانتان قسه‌ بكه‌ن، به‌ر له‌ ته‌واو بوونی واده‌ی خولی پێنجه‌م، ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بكه‌ن.

هه‌ورامی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ده‌بێت سه‌رۆكی هه‌رێم رۆژی هه‌ڵبژاردن دیاری بكات، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی دیاریكراودا ئه‌نجام بدرێت.

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان روونیكرده‌وه‌، دووپاتی كاتبه‌ندییه‌ ده‌ستوورییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌ ته‌كنیكییه‌كان رێكبخرێن.

هێمن هه‌ورامی ده‌شڵێت: كاتی پێویست درایه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، بۆیه‌ رایده‌گه‌یه‌نین كاتی زۆرمان له‌به‌رده‌ست نه‌ماوه‌، پێویسته‌ هه‌موومان پابه‌ندی رێككاره‌ یاساییه‌كان بین. گوتیشی: ده‌بێت چاره‌نووسی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، تاوه‌كو ئاماده‌كاری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بكرێت، رێگه‌ به‌وه‌ ناده‌ین په‌نجه‌ی تۆمه‌تمان بۆ درێژ بكه‌ن كه‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردن دوا ده‌خه‌ین.

هه‌ورامی باسی له‌وه‌ش كرد، به‌ر له‌ماوه‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ له‌ نێوانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جينين پلاسخارت، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجامدرا، تێیدا جه‌خت له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا كرایه‌وه‌