پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم تەرمی نۆ قوربانی لە یۆنانەوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی لە کەناراوەکانی یۆنان بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوت و دووپاتی كردەوە بەراسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، تەرمی نۆ قوربانی لە یۆنانەوە دەگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە “بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی سێ بەلەم لە نزیک دوورگەکانی یۆنان لە دەریای ئیجە و پرسی (رێبوار)ی تەمەن ١١ ساڵ و گەڕاندنەوەی ٩ تەرم، ڕۆژی هه‌ینی (21ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2022) شاندێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان سەردانی وەزارەتی کاروباری پەنابەر و کۆچبەرانی کۆماری یۆنانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی بەدواداچوون و دۆزینەوەی چارەنووسی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تاوتوێ کرا”.

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە ئەمڕۆ لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کۆنسوڵی گشتیی یۆنان لەگەڵ نوێنەری کەسوکاری بێسەروشوێنەکان کۆبووەوە و دڵنیای کردن کە حکوومەتی یۆنان هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە، هەر لەو دیدارەدا کەسوکاری بێسەروشوێنەکان یاداشتنامەیەکیان ئاراستەی حکوومەتی کۆماری یۆنان کرد.

کۆنسوڵی گشتیی یۆنان کەسوکاری بێسەروشوێنانی دڵنیا کردەوە کە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدڕاڵ لەگەڵ حکوومەتی وڵاتەکەی بەردەوام لە پەیوەندی دان و پێشتریش یاداشتنامەیەکیان لە ڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەدەست گەیشتووە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رای دەگەیەنێت کە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لەسەر ئەرک و راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم تەرمی ٩ لەو قوربانیانەی کە ناسراونەتەوە دەگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان. بەداخەوە بەهۆی خراپی کەش و هەوا و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان پرۆسەکە چەند ڕۆژێک دواکەوت.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیان و بێسەروشوێنان دەردەبڕێ و هەموولایەک دڵنیا دەکاتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ سۆراخ و دۆزینەوەی تەواوی بێسەروشوێنان. سوپاسی وەزارەتی دەرەوەی فیدڕاڵ و باڵوێزخانەی عێراق لە یۆنان و حکوومەتی یۆنان و کۆنسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێم و ڕێکخراوە خێرخوازەکانی كردووە کە هەمیشە هاوکار و هەماهەنگیکار بوون لەگەڵیاندا.