ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ستایشی ڕۆڵی مەسرور بارزانی دەکات

ئەحمەد زەیتون، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، ستایشی رۆڵی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە هەنگاوەکانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەحمەد زەیتون، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: “مەسرور بارزانی بەردەوام هاوکار بووە، لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان”.

نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق گوتی: “ئێمە لەگەڵ شاندێکی گەورە و گرنگی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هاتووین. ئه‌مڕۆ سێ پەیاممان هەیە. یەکەم ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارێکی مەزنی ئەنجامداوە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە، نەک هەر ئەوەش بەڵکو ئێستا توانیوویانە یەکەم حاڵەتی ئۆمیکرۆنیش لە هەرێمەکە بدۆزنەوە.

ئەمەش بەو واتایەی کە تیمی تەندروستی سەرکەوتووبوون لە دۆزینەوەی ئەو جۆرە گۆڕاوەی کۆرۆنا. دووەم تیمی تەندروستی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی تەندروستی جیهانی توانیوویانە پێکەوە کار بکەن، بۆ زیاتر پێشخستنی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش. سێیەم بۆ ماوەی دوو ساڵە، هەماهەنگییەکی چڕ لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و تیمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەیە و دەشزانین کە ئەو پەتایە کۆتایی نەهاتووە، بەڵام ئێمە پێکەوە بەهێزین و دەتوانین پێکەوە رووبەڕووی ببینەوە”.

گوتیشی: “دەمەوێت بەتایبەتیش سوپاسی جەنابی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسرور بارزانی بکەم، کە بەردەوام هاوکار بووە لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان. سوپاسی جەنابی وەزیری تەندروستیش دەکەم بۆ ئەو هەماهەنگییە پتەوەی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەیانە”.

ھەواڵی زیاتر